فەرماندەی پۆلیسی ئێران: چەندین "کەسی سەرەکی"ی نێو خۆپێشاندانەکانمان دەستگیر کردووە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێزەکانیان هەڵمەتێکی گەورەی دەستگیرکردنیان دەستپێکردووە، چەندین "کەسایەتیی کاریگەر"ی نێو ئەو خۆپێشاندانەکانیان دەستگیر کردووە، کە ماوەی دوو هەفتەیە ئێرانی گرتووەتەوە.

ئەحمەد رەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، "شەوی رابردوو، کەسانی گرنگ لەنێو ئاژاوەگێڕاندا دەستگیر کراون. بە پشتیوانیی خوا، دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان سزای خۆیان وەردەگرن."

رادان هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ژمارە و ناسنامەی دەستگیرکراوەکان ئاشکرا نەکرد.

شەوی رابردوو، سەرەڕای بڕانی هێڵی ئینتەرنێت، خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان چوونە سەر شەقامەکان و دژی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە خۆپێشاندانیان کرد. هاوکات رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە هێزە ئەمنییەکان بۆ کپکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، دەستیان بە "کۆمەڵکوژی" کردووە.

سەرەتای خۆپێشاندانەکان بەهۆی توڕەیی خەڵک بوو لە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، بەڵام ئێستا بووەتە بزووتنەوەیەک دژی حکومەتی ئێران. ئەم خۆپێشاندانانە ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامن.

ئەم گردبوونەوە جەماوەرییانە بە یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکان بۆ دەسەڵات دادەنرێن. خۆپێشاندانەکان دوای شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیل دێن دژی ئێران لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، کە ئەمریکا تیێدا بەشدار بوو.

ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن خەڵکێکی زۆر لە شارە جیاوازەکان، لەوانەش تاران و مەشهەد چوونەتە سەر شەقامەکان. لە بەشێک لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کە ئۆتۆمبێلەکان ئاگریان تێبەردراوە.

ڤیدیۆکان سەرەڕای پچڕانی تەواوەتی ئینتەرنێت دزەیان کردووەتە دەرەوە. بەهۆی ئەو پچڕانەوە پەیوەندییکردن لەگەڵ جیهانی دەرەوە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکان و تەنانەت هێڵەکانی تەلەفۆنیش ئەستەم بووە.

رێکخراوی نێت بلۆکس (NetBlocks)ی تایبەت بە چاودێریی ئینتەرنێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند، "پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران 60 کاژێری تێپەڕاندووە. ئەم سانسۆرە مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر سەلامەتی و ژیانی ئێرانییەکان لەم کاتە هەستیارەدا بۆ داهاتووی وڵاتەکە."

هەندێک ڤیدیۆ بڵاوکراونەتەوە کە هێشتا تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستی نەکردوونەتەوە، تێیدا کەسوکاری قوربانییان لە دادپزیشکیی تاران خەریکی ناسینەوەی تەرمی ئەو خۆپێشاندەرانەن کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.

ئاژانسی هەواڵی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ (HRANA) کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، رایگەیاندووە مردنی 116 کەسیان لە خۆپێشاندانەکاندا پشتڕاستکردووەتەوە، کە 37ـیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان یان بەرپرس بوون. بەڵام چالاکڤانان هۆشداری دەدەن کە بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێتەوە، زانیارییەکان بەباشی ناگەن و مەترسیی ئەوە هەیە ژمارەی کوژراوان زۆر لەوە زیاتر بێت.

سەنتەری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران (CHRI) دەڵێت، "شایەتحاڵان و راپۆرتی متمانەپێکراویان" پێگەیشتووە کە ئاماژە بە کوژرانی سەتان خۆپێشاندەر دەکەن. ئەو سەنتەرە دەڵێت: "کۆمەڵکوژییەک لە ئێران خەریکە روودەدات. دەبێت جیهان ئێستا بێتە دەنگ بۆ رێگری لە خوێنڕشتنی زیاتر." هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە نەخۆشخانەکان پڕبوون، بانکەکانی خوێن بەرەو کەمبوونەوە دەچن و بە ئەنقەست تەقە لە چاوی خۆپێشاندەران دەکرێت.

"دەستگیرکردنی بەربڵاو"

ئیسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمی گوتی، کاری "تێکدەرانە" رووی لە کەمبوونەوە کردووە و هۆشداریدا کە "ئەوانەی خۆپێشاندانەکان بەرەو وێرانکاری و ئاژاوە و کاری تیرۆریستی دەبەن، رێگە نادەن دەنگی خەڵک بگات."

عەلی لاریجانی، بەرپرسی دۆسیەی ئەمنی ئێران، جیاوازیی کرد لەنێوان ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دۆخی ئابووری کە بە "تەواو تێگەیشتووانە" وەسفی کرد لەگەڵ "ئاژاوەگێڕی" و تۆمەتباری کردن بەوەی شێوازەکەیان "زۆر لە شێوازی گرووپە تیرۆریستییەکان دەچێت."

دۆخی تاران پەشۆکاوە. نرخی گۆشت لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە و زۆربەی دوکانەکان داخراون. ئەو شوێنانەشی کراوەن دەبێت لە دەوروبەری کاژێر 4:00 یان 5:00ی ئێوارە دابخەن، کاتێک هێزە ئەمنییەکان بە چڕی بڵاودەبنەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ خۆپێشاندانەکان دەربڕیوە و هەڕەشەی هێرشی سەربازیی دژی دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە "ئەگەر دەسەڵاتداران دەست بە کوشتنی خەڵک بکەن."

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا هێرشی سەربازی بکات، ئێران وەڵامی دەبێت. قالیباف گوتی: "لە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا، ئەوا خاکی داگیرکراو [ئیسرائیل] و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و کەشتییەکانیان دەبنە ئامانجی رەوای ئێمە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی کچە کوردەکە

کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی کرماشان لە خۆپێشاندانەکانی تاران کوژرا

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایدەگەیێنێت، لە کاتی خۆپێشاندانەکانی تاران، کچە خوێندکارێکی کورد بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا؛ هاوکات بەپێی ئامارەکان ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکان 116 کەسی تێپەڕاند