رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران بە بۆنەی کوژرانی 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی لە خۆپێشاندانەکاندا، سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی راگەیاند.
شەوی یەکشەممە، 11ی کانوونی 2026، میدیای فەرمیی ئێران راگەیێندراوێکی حکومەتی وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەمریکا و ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار کراون کە لە پشت خۆپێشاندان و ئالۆزییەکانی ئەو وڵاتەدان. هەروەها دەڵێت، حکومەت بڕیاریداوە، سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە سەرانسەری وڵات رابگەیێنێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کابینەی حکومەتی ئێران ئەمڕۆ بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی شەڕی خۆڕاگریی نەتەوەیی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، سێ رۆژ ماتەمینی گشتی رادەگەیێنێت."
حکومەتی ئێران دەڵێت: "گەلی ئێران لە نزیکەوە بە چاوی خۆیان بینییان کە تاوانبارانی تیرۆریست، چۆن هاوشێوەی داعش لە دژی خەڵک، هێزەکانی بەسیج، هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس تووندوتیژییان بەکارهێناوە و ژمارەیەکی زۆریان شەهید کردوون."
حکومەتی ئێران دەشڵێت، "تاوەکو ئەمڕۆ، ئەم جۆرە تووندوتیژییە جگە لە داعشییەکان کە لەلایەن ئەمریکاوە راهێنراون، لە هەڵسوکەوتی هیچ لایەنێکدا نەبینراوە."
میدیای فەرمیی حکومەتی ئێران بۆ یەکەمجار ئەمڕۆ یەکشەممە ئاماری کوژراوانی هێزە ئەمنییەکانی راگەیاند و دەڵێت، 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە سەرانسەری وڵات کوژراون.
ئەمە لە کاتێکدایە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، حکومەتی ئێران بە بەکارهێنانی تووندوتیژی بۆ سەرکووتکردنی ناڕەزاییەکان تۆمەتبار دەکەن و ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی کوژراوان دەخەنەڕوو.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویجە رایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی خۆپێشاندانەکانی دژی حکومەت و خراپیی ئابووری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لانیکەم 192 کەس کوژراون. هەروەها زیاتر لە دوو هەزار و 600 کەسیش دەستگیرکراون.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی ئێران، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران داوای لە خەڵکی وڵاتەکە و لایەنگرانی حکومەت کردووە، رۆژی دووشەممە بەشداری لە رێپێوانی "بەرخۆدانی نیشتمانی"-دا بکەن.
ماوەی 15 رۆژە خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی دەستیانپێکردووە.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025، بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و دواتر تەواوی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ