رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی سەرما و کەمیی سووتەمەنییەوە، لە سەرجەم قوتابخانە و دامەزراوەکانی 24 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کرایە پشوو.
چەند رۆژێکە، بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی شوباتی 2025 پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و لوڕستان، هەروەها 20 پارێزگای ئێران، لەنێویاندا تارانی پایتەخت، کرایە پشوو.
عەباس جەعفەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامیی بەفربارین و دابەزینی پلەی گەرما و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی، ئەمڕۆ سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان دادەخرێن.
جەعفەری ئاماژەی بەوەش کرد، "بڕیارەکە دامەزراوە فریاگوزارییەکانی وەکو بانکەکان، فریاکەوتنی خێرا و بنکە تەندروستییەکان ناگرێتەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای سنە بڵاویکردەوە، "بەهۆی بەردەوامیی سەرما و سۆڵە و دابەزینی پلەی گەرما، بڕیاردرا سەرجەم، قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان و دامەزراوە حکومیەکان و بانکەکان دابخرێن ئەمەش بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی گاز و وزە."
هاوکات بە فەرمانی مەنوچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی گاز و وزە، ئەمڕۆ جیا لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەکان و تەنانەت بانکەکانی پارێزگاکەش، داخراون.
لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، قوتابخانەکانی سەرجەم قۆناخەکان، زانکۆ، پەیمانگەکان و دامودەزگا حکومییەکان و بانکەکانی پارێزگاکە هەیە و پشوو نییە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە شارەکانی ئەزنە، ئەلیگودەرز، دوورود، بروجرد، سلسیلە و دولفان و ناوچەکانی پاپی و بیرانوەندقوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان دادەخرێن.
جیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەگشتی لە 20 پارێزگای ئێرانیش بەهۆی سەرماوسۆڵە و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز و کارەبا، پشوو راگەیێندراوە.
بەگوێرەی کەشناسیی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، شەپۆلێکی بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستان، باکوور و ناوەڕاستی ئێران دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ