پزیشکیان: بەهۆی دۆخی وڵاتەوە زۆر شەوان خەوم لێ ناکەوێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی دۆخی ئێستای وڵاتەکەی نیشان دەدات و رایدەگەیێنێت، زۆر شەوان بەهۆی ئەو بارودۆخەی تێیکەوتوون خەوی لێ ناکەوێت، بەڵام دەڵێت "هیچ چارەیەکمان نییە جگە لەوەی بمێنینەوە و وڵاتەکە بنیتد بنێینەوە."
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، شەوی چوارشەممە لە رێوڕەسمی کۆتایی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر لە تاران گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا باسی لە قەیرانەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ئەو برینەی لە کۆمەڵگەدا دروستبووە، برینێکی تاڵە. کاری پزیشک ساڕێژکردنی برینە، نەک قووڵکردنەوە و چڵکپێکردنی."
 
پزیشکیان هۆشداریی دا لەوەی "دوژمن و بێگانەکان" هەوڵی لەتکردنی خاک و ئاوی ئێران دەدەن و داوای لە هونەرمەندان و دەستەبژێری سیاسی کرد کار بۆ یەکڕیزی بکەن. گوتیشی: "زۆر شەوان بەڕاستی خەوم لێ ناکەوێت لەوەی کەوتووینەتە ئەم بارودۆخەوە، بەڵام دەبێت ئەم یەکگرتوویی و سەروەرییەی وڵات چاک بکەینەوە."
 
سەرۆککۆماری ئێران رەخنەی تووندی لەو کەسانە گرت کە لە دەرەوەی وڵاتن و بە گوتەی ئەو "رێگە بە دوژمن دەدەن هێرش بکاتە سەر خاکمان و بۆردوومانمان بکات،" ئەوەشی بە "ئەوپەڕی نامەردی" ناوبرد. هەروەها سوپاسی ئەو هونەرمەندانەی کرد، کە بایکۆتی فێستیڤاڵەکەیان نەکردووە.
 
ئەم قسانەی پزیشکیان لە کاتێکدان، کە لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی دژی گرانی و دابەزینی نرخی تمەن لە بازاڕی تارانەوە دەستیپێکرد، کە بە تووندی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە وەڵام درانەوە.
 
سەبارەت بە ئاماری قوربانییەکان، حکومەتی ئێران کوژرانی سێ هەزار و 117 کەسی راگەیاندووە، بەڵام ئاژانسی (هرانا) دەڵێت، تاوەکو ئێستا کوژرانی حەوت هەزار و دوو کەسیان بۆ پشتڕاستبووەتەوە و گومان دەکرێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت و بگاتە نزیکەی 19 هەزار کوژراو. هەروەها ئاماژە بە دەستبەسەرکردنی 53 هەزار کەس و برینداربوونی 25 هەزار کەسی دیکە دەکەن.
 
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان، گوشارە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ سەر تاران زیادیان کردووە. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر تاران مەرجەکانیان جێبەجێ نەکات، پەنا بۆ بژارەی سەربازی دەبەن.
 
 
دەقی قسەکانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران
 
ئەو برینەی لە کۆمەڵگەدا دروست بووە، برینێکی تاڵە. کاری پزیشک ساڕێژکردنی برینە، نەک قووڵکردنەوە و چڵکپێکردنی برینەکە. دوژمن و بێگانەکان هەوڵ دەدەن وڵاتەکەمان و خاک و ئاوەکەمان بە ڕاستی لەت لەت بکەن. هونەرمەند بە بڕوای من، هەروەها بەڕێوەبەر و کاربەدەستی سیاسی، دەبێت تاوەکو ئەو شوێنەی بۆی دەکرێت و لە دەستی دێت، ئەم برینە ساڕێژ بکات و هەوڵ بدات ئەم یەکگرتوویی و یەکڕیزی و سەروەرییەی وڵات چاک بکاتەوە.
 
من خۆم زۆر شەوان بەڕاستی خەوم لێ ناکەوێت و لەوەی کەوتووینەتە ئەم بارودۆخەوە زۆر نیگەرانم. بەڵام هیچ چارەیەکمان نییە جگە لەوەی بمێنینەوە و وڵاتەکە بونیاد بنێینەوە.
ئەوەی مرۆڤ زوێر بێت و بکەوێتە داوی هەندێک کەس کە لەو دیو ئاو و خاکەوە (لە دەرەوەی وڵات) دانیشتوون و رێگە بە دوژمن دەدەن هێرش بکاتە سەر خاکمان و بۆردوومان بکات و وێران بکات، ئەوپەڕی نامەردییە. ئەوەش شتێکە کە بە راستی دەمەوێت لە ئێوەی هونەرمەندانی ئازیز، کە سەرەڕای ئەم هەموو گوشار و تەشەرە نامەردانەی لێتان دەدرا، وەستان و هاتن، لە ناخی دڵمەوە سوپاستان بکەم. زۆر سوپاس.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران

عەلی لاریجانی: ئەمریکا دەیەوێ دانوستاندنەکان بگەنە ئەنجام

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێ، ئەمریکا دەیەوێ دانوستاندنەکان بگەنە ئەنجام. ئاماژە بەوەش دەکات، دەکرێت دانوستاندنەکانی نێوان هەردوو وڵات بواری دیکەش بگرێتەوە