رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی گەورەی تاران جمەی دێت لە خەڵک، بەڵام کڕیار کەمە، لەبەر ئەوەی نرخی زۆربەی کەلوپەلەکان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بە تایبەتیش نرخی خۆراک.
موحسین بەهرامی ئەرز ئەقدەس، ئەندامی ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێت، "لە 10 ساڵی رابردوودا نرخی سەبەتەی بژێویی خەڵک 24 هێندە بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا مووچەخوران و چینی مامناوەند داهاتەکەیان تەنیا 10 هێندە زیادی کردووە، واتە کەڵێن و بۆشاییەکی گەورە و ترسناک لە نێوان توانای کڕین و نرخەکانی بازاڕدا دروست بووە. نرخی هەوڵاوسان بۆ 10 کاڵای سەرەکیی خۆراک لەوانە مریشک، برنج، گۆشت و رۆن 51٪ـە بەراورد بە پار. زیادکردنی داهات چەند بووە؟ پێویستە ئەم نایەکسانی و ناهاوسەنگییە قەرەبوو بکرێتەوە."
بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، لە مانگی کۆتایی هاوینی ئەم ساڵدا خۆراک بە رێژەی 57٪ گران بووە.
کاراکردنی سناپبەک و سەپاندنی سزاکانیش کاریگەرییەکی گەورەی لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و نرخی زۆربەی کەلوپەلەکان بەرزبوونەتەوە.
رەزا سدیقی، پەرلەمانتاری تەورێز باس لەوە دەکات، "بەرزبوونەوەی نرخەکان بچووکبوونی خوانی خەڵک جێگەی داخە. بەشێکی زۆری خەڵک بۆ گوزەرانی ژیانیان تووشی کێشە بوون. هەڵاوسانی کاڵا سەرەکییەکان بە بێ راوەستان بەردەوامە؛ فەرمانبەر، کرێکار و خانەنشین لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێویستییەکانی ژیانیاندا ماونەتەوە. ئەم دۆخە بۆ گەلی ئێران جوان نییە."
حکومەت دەڵێت، بەشێکی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان بەهۆی قۆڕخکارییەوە و هەوڵدەدەن، بە چاودێریکردنی زیاتری بازاڕ، دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران: "دوو بابەتمان هەیە؛ یەکێکیان گرانییە کە رادەی تووندیی سزاکان کاریگەری لەسەر هەیە و حکومەت هەوڵدەدات کۆنترۆڵی بکات. سەبارەت بە گرانفرۆشیش، لیژنەی چاودێریکردنی بازاڕمان هەیە کە دەسەڵاتی هەیە تووندترین سزا بەسەر سەرپێچیکاران دا بسەپێنێ و چەندین دەیەیە کاری خۆی دەکات."
حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، حکومەت پلانێکی تایبەتی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ ئامادە کردووە و هیوادارن بە جێبەجێکردنی گوشار لەسەر بژێویی خەڵک کەمتر ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ