رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەمریکا لەبارەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانەوە پەیامی دژبەیەک بۆ ئێران دەنێرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێران لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانیی خۆیەوە هەیە و بە هێڵی سوور هەژمار دەکرێن، هیچ سازش و پاشەکشەیەک ناکات."
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی سێشەممە لە 12مین دیبەیتی ستراتیجی ئەبوزەبی لە ئیمارات سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی و دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن قسەی کرد و هەڵوێستی وڵاتەکەی خستەڕوو.
بە گوتەی سەعید خەتیبزادە، ئێران بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە نییە و دەیەوێ لەبارەی پرسی ئەتۆمی بگاتە رێککەوتنێکی ئاشتیانە و دادپەروەرانە.
سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەنێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی کردەوەکانی واشنتن بەرامبەر ئێران، ئێستا هیچ ئەگەرێک بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە."
سەعید خەتیبزادە گوتی، "لەڕاستیدا ئەمریکا بە کردەوەی دەستدرێژیکارانەی دژی ئێران و کردەوەکانی دواتری، هەموو هەوڵی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی رێگری لە هەر جۆرە دانوستاندنێک بکات."
خەتیبزادە هەروەها گوتی، "هەر جۆرە دانوستاندنێک لە داهاتوودا، تەنیا لە چوارچێوەی فەرمانەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی و دوای وازهێنانی ئەمریکا لە خەیاڵەکانی دەکرێ دەستپێبکات."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا لەبارەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانەوە پەیامی دژبەیەک بۆ ئێران دەنێرێت.
بەرلەوەی جەنگی 12 رۆژەی تاران و تەلئەڤیڤ لە 13ی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەستپێبکات، 5 گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی عومان بەڕێوەچوون.
رۆژی 9ی تشرینی دووەمی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، هیچ ئەگەرێک بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا نییە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: ''هەر کاتێک ئەمریکا ئامادەبێت بۆ گفتوگۆیەکی یەکسان بۆ هەردوولا، دەکرێ دانوستاندن دەستپێبکاتەوە."
ئەوە لە کاتێکدایە، لە 2ی تشرینی دووەم فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا هەندێک پەیامی پێگەیشتووە.
ئێران رەتیدەکاتەوە جگە لە پرۆگرامی ئەتۆمی لەسەر هیچ بابەتێکی دیکە دانوستاندن بکات، ئەوە لەکاتێکدایە سنووردارکردنی توانای مووشەکیی وڵاتەکە لە داواکاری و ویستەکانی ئەمریکایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ