رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی "یەکلاکەرەوە"ـی دەرکرد و رایگەیاند، هەر وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، رووبەڕووی باجی گومرگیی 25٪ دەبێتەوە؛ بڕیارەکەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراق، تورکیا و چین دەبێت.
رۆژی سێشەممە 13-01-2026، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند، بڕیارەکە دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت و ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە هاوکات لەگەڵ ئەمریکا و ئێران بازرگانی دەکەن.
ئەم بڕیارەی کۆشکی سپی لەکاتێکدایە، گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر تاران بەهۆی "سەرکوتکردنی خوێناوی"ـی خۆپێشاندانەکانەوە گەیشتووەتە لوتکە.
عێراق و تورکیا لەنێو بازنەی مەترسییەکەدان
بەگوێرەی داتا ئابوورییەکان، بڕیارەکەی ترەمپ زیانی گەورە بە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی ئێران دەگەیێنێت، کە دیارترینیان بریتین لە: چین، تورکیا، ئیمارات و عێراق.
کۆشکی سپی جەختی کردووەتەوە کە ترەمپ "لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی ئێران ناترسێت"، بەڵام لەم قۆناخەدا دیپلۆماسی و سزای ئابووری وەک بژارەی یەکەم بەکاردەهێنێت.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR) کە بنکەکەی لە نەرویجە، ئاشکرای کردووە کە تاوەکو ئێستا کوژرانی 648 خۆپێشاندەر بە بەڵگە کراون کە 9ـیان منداڵن.
مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت: "بەهۆی بڕانی ئینتەرنێتەوە ژمارەی راستەقینە نادیارە، بەڵام خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی کوژراوان 6 هەزار کەسی تێپەڕاندبێت." هاوکات باس لە دەستگیرکردنی نزیکەی 10 هەزار کەس دەکرێت.
بەرپرسانی باڵای ئێران بە تووندی وەڵامی هەڕەشەکان دەدەنەوە. محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "ئێمە لە جەنگێکی چوار قۆڵیداین؛ ئابووری، دەروونی، سەربازی و تێرۆر."
قالیباف هەڕەشەی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: "ئەگەر ئەمریکا هێرش بکات، سوپای ئێران وانەیەکی لەبیرنەکراو بە ترەمپ دەدات."
لەلایەکی دیکەوە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆپێشاندانە لایەنگرەکانی حکومەتی بە "هۆشدارییەک بۆ ئەمریکا" ناوبرد و رایگەیاند، پیلانی "دوژمنە دەرەکییەکان" تێکشکێندراوە.
ئاڵۆزییەکان کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بازاڕی دراو لە ئێران داناوە؛ لە سەرەتای ساڵی 2026ـدا بەهای تمەن بەشێوەیەکی پێوانەیی دابەزیوە و هەر دۆلارێک گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 420 هەزار تمەن.
سەرباری پچڕانی پەیوەندییەکان، بەپێی زانیارییەکان هێشتا کەناڵێکی پەیوەندیی کاتی لەنێوان تاران و واشنتن لەڕێگەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپەوە هەیە، بەڵام داهاتووی ناوچەکە بەهۆی ململانێی نێوان دەسەڵات و شەقام لەلایەک و هەڕەشە دەرەکییەکان لەلایەکی دیکەوە، بەرەو قۆناخێکی نادیار دەڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ