رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو هەفتەیە خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن و بە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە دادەنرێن، بەڵام شرۆڤەکاران کە لەم راپۆرتەدا قسەیان وەرگیراوە، دەڵێن هێشتا زووە پێشبینی رووخانی کۆماری ئیسلامی بکرێت.
خۆپێشاندانەکان سەرەتا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر دۆخی ئابووری دەستیانپێکرد، بەڵام ئێستا داواکارییەکان گۆڕاون بۆ گۆڕینی دەسەڵات.
دەسەڵاتدارانی ئێران بە تووندی وەڵامی ناڕەزایەتییەکانیان داوەتەوە و بەپێی گرووپەکانی مافی مرۆڤ سەتان کەس کوژراون، بەڵام هێشتا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران (تەمەن 86 ساڵ) جڵەوی دۆخەکەی بەدەستەوەیە.
نیکۆڵ گراجێڤسکی، مامۆستا لە پەیمانگەی خوێندنی سیاسی لە پاریس بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "ئەم خۆپێشاندانانە لە رووی قەبارە و داواکارییە سیاسییەکانەوە، گەورەترین ئاڵنگارین بۆ کۆماری ئیسلامی،" بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا دیار نییە دەتوانن دەسەڵات بڕووخێنن یان نا، چونکە حکومەتی ئێران لە دامرکاندنەوەی خۆپێشاندانەکاندا زۆر بەهێزە.
تۆماس جونۆ، مامۆستا لە زانکۆی ئۆتاوا دەڵێت: "هێشتا پێموانییە رووخانی رژێمەکە نزیک بێت، بەڵام وەک جاران لەم قسەیەم دڵنیا نیم."
شرۆڤەکاران پێنج هۆکاری سەرەکی دیاری دەکەن کە داهاتووی دەسەڵاتی ئێران یەکلا دەکەنەوە:
1- بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان
خۆپێشاندانەکان گەورە بوون، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناخی "خاڵی نەگەڕانەوە". خۆپێشاندانەکان لە 28ی کانوونی یەکەم بە مانگرتن لە بازاڕی تاران دەستیانپێکرد و دواتر فراوان بوون. بڕینی ئینتەرنێت وایکردووە زانیاری کەم دەستبکەوێت. ئارەش عەزیزی، مامۆستا لە زانکۆی یەیڵ دەڵێت، کێشەی خۆپێشاندەران ئەوەیە تۆڕێکی رێکخراوی بەهێزیان نییە "کە بەرگەی سەرکوتکردن" بگرێت.
2- یەکگرتوویی دەسەڵات
شرۆڤەکاران دەڵێن تاوەکو "لێکترازان" لەنێو هێزە ئەمنییەکان و سەرکردایەتیی ئێران دروست نەبێت، گۆڕانکاری ئەستەمە. تاوەکو ئێستا سوپا، پەرلەمان و سوپای پاسداران پشتیوانی لە خامنەیی دەکەن و هیچ نیشانەیەک بۆ جیابوونەوەی بەرپرسان دیار نییە.
3- دەستوەردانی ئەمریکا یان ئیسرائیل
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وەڵامی سەربازی کردووە و رۆژی دووشەممە باجی 25٪ی خستە سەر هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران.
پێشتر لە مانگی حوزەیران، ئیسرائیل جەنگێکی 12 رۆژەی لە دژی ئێران کرد و ئەمریکاش بەشدار بوو، کە تێیدا چەندین بەرپرسی باڵا کوژران.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت پەیوەندییان لەگەڵ واشنتن هەیە، بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن ئەگەر ئەمریکا راستەوخۆ هێرشی سەربازی بکات، دۆخەکە بە تەواوی دەگۆڕێت.
4- ئۆپۆزیسیۆنێکی رێکخراو
رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران لە ئەمریکاوە داوای خۆپێشاندان دەکات و درووشمی پاشایەتی لە شەقامەکان دەبیسترێت. بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات پەرتەوازەن و ناکۆکن. ئارەش عەزیزی دەڵێت، پێویستە "هاوپەیمانییەکی سەرکردایەتی" دروستبکرێت کە نوێنەرایەتیی هەموو ئێرانییەکان بکات نەک تەنیا یەک لایەن.
5- تەندروستیی خامنەیی
خامنەیی لە ساڵی 1989ـەوە لە دەسەڵاتدایە. هەرچەندە هێشتا بە دەسەڵاتەوە دەردەکەوێت، بەڵام نادڵنیایی هەیە لەوەی کێ شوێنی دەگرێتەوە. ئایا موجتەبای کوڕیەتی یان لیژنەیەک دەبێت؟
تۆماس جونۆ دەڵێت، لە دۆخێکی وەهادا دوور نییە "سوپای پاسداران" بە شێوەیەکی فەرمی دەسەڵاتی وڵات بەتەواوی بگرێتە دەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ