رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایدەگەیێنێت، بڕیاری پچڕاندنی هێڵی ئینتەرنێت لەلایەن "ناوەندە ئەمنییەکانەوە" دراوە. دان بەوەشدا دەنێت کە "گوێیان لە نەوەی نوێ نەگرتووە" و ئەوەش وایکردووە "دووژمن" دەرفەتەکە بقۆزێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 13-01-2026، فاتمە مەهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی: "ئەوەی لە رۆژانی رابردوو بینیمان، بەشێکی پرسیار، بەشێکی نیگەرانی، بەشێکی داخوازی و بەشێکیشی نائومێدیی خەڵک بوو؛ ئێمە خۆمان بە بەرپرس دەزانین و حاشای لێ ناکەین، بەڵام هۆکاری هەموو ئەم گرفتانە ئەم کابینەیە نییە."
مەهاجرانی بەرگری لە کابینەکەی مەسعود پزیشکیان کرد، کە نزیکەی ساڵ و نیوێکە دەسەڵاتی گرتووەتەدەست و ئاماژەی بەوە دا، گرفتەکان کەڵەکەبووی ساڵانی رابردوونه.
سەبارەت بە پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەکاتی خۆپێشاندانەکاندا، گوتەبێژی حکومەت گوتی: "دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی ئازاد مافی خەڵکە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان بڕیاری داخستنی ئینتەرنێتیان داوە."
فاتمە مەهاجرانی دانی بە بوونی کەلێنێک لەنێوان حکومەت و گەنجاندا نا و گوتی: "دەبێت کەلێنی نێوان گەنجەکان و حکومەت پڕبکەینەوە. ئەگەر قوتابیی ئێمە تووڕەیە، ئێمە بەرپرسین و دەبێ لەگەڵیان بدوێین و گوێیان لێبگرین."
بە گوتەی گوتەبێژی حکومەت، ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ پشتگوێ خرابوو، وایکرد "دوژمن کەڵکی لێ وەربگرێت"، بۆیە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لە کۆمەڵناسان داوە تاوەکو هۆکار و ریشەکانی تووڕەیی لە نەوەی نوێدا دەستنیشان بکەن.
سەبارەت بە تووندوتیژییەکان، مەهاجرانی گوتی: "هەموو ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە منداڵی ئێمەن، جگە لە گرووپە تیرۆریستییەکان نەبێت کە ژمارەیان کەمە."
گوتەبێژی حکومەتی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد کە "تیرۆریستان بە روونی لەلایەن ترەمپ و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و ئەوان بوون کە خۆپێشاندانی ئارام و هێوری خەڵکیان تێکەڵ بە خوێن کرد."
خۆپێشاندانەکان لە ئێران، رۆژی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و دواتر 28 پارێزگای ئێرانی گرتەوە. وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپێشاندەران دەربڕیوە، ئەوەش کاردانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ