خامنەیی: پیلانی دووژمنان پووچەڵکرایەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رێپێوانی لایەنگرانی حکومەت بە "رۆژێکی مێژوویی" وەسف دەکات و دەڵێت، خەڵک "پیلانی دووژمنان"یان پووچەڵکردەوە؛ هۆشداریش دەداتە ئەمریکا کە "واز لە فێڵکردن بێنێت."
 
شەوی دووشەممە، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی لەبارەی رێپێوانەکەی دوێنێی لایەنگرانی حکومەت لە تاران و شارەکانی دیکە بڵاوکردەوە و تێیدا خۆپێشاندەرانی دژبە حکومەت بە "بەکرێگیراوی دووژمن" ناودەبات.
 
خامنەیی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئەم گردبوونەوە زەبەلاح و پڕ لە ئیرادەیە، پیلانی دووژمنە دەرەکییەکانی پووچەڵکردەوە، کە بڕیار بوو لەلایەن بەکرێگیراوانی ناوخۆییەوە جێبەجێ بکرێت."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رووی دەمی دەکاتە واشنتن و دەڵێت، گەلی ئێران خۆی و ویستەکەی بۆ دووژمنان ئاشکرا کرد.
 
خامنەیی دەڵێت: "ئەمەش هۆشدارییەک بوو بۆ سیاسەتڤانانی ئەمریکا کە واز لە فێڵەکانیان بێنن و پشت بە بەکرێگیراوانی خیانەتکار نەبەستن." جەختیشی کردەوە کە گەلی ئێران وشیارە و لە هەموو کاتێکدا لە گۆڕەپانەکەدا ئامادەیە.
 
قسەکانی خامنەیی دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممە 12-01-2026، لە 16ـیەمین ڕۆژی نارەزایەتییەکاندا، حکومەت لایەنگرانی خۆی بردە سەر شەقامەکان.
 
ئەوە لەکاتێکدایە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە رۆژی 28-12-2025ـەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستیپێکرد، پێی ناوەتە 17ـیەمین رۆژەوە و تەواوی پارێزگاکانی گرتووەتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR)، تاوەکو رۆژی دووشەممە 648 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
 
بەرپرسانی تاران بەردەوام باس لە "دەستی دەرەکی" لەپشت خۆپێشاندانەکان دەکەن و هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە بەبێ نەرمی نواندن ڕووبەڕووی ناڕازییان دەبنەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Reuters

ترەمپ: هەر وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات باجی 25٪ـی دەخەینەسەر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی "یەکلاکەرەوە"ـی دەرکرد و رایگەیاند، هەر وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، رووبەڕووی باجی گومرگیی 25٪ دەبێتەوە؛ بڕیارەکەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراق، تورکیا و چین دەبێت.