رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ی تەمموزی 2025، بە میوانداریی پارێزگاری تاران، کۆبوونەوەیەک لەبارەی ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانەی کە بەهۆی شەڕی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل زیانیان بەرکەوتووە، بەڕێوەچوو.
عەلی نەسیری، سەرۆکی دامەزراوەی پێشگیری و کۆنترۆڵی قەیرانی شارەوانیی تاران لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، لە ماوەی جەنگدا 900 ئۆتۆمبێل لە تاران زیانیان بەرکەوتووە.
سەرۆکی دامەزراوەی پێشگیری و کۆنترۆڵی قەیرانی شارەوانیی تاران گوتی، "ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دەتوانن چاکبکرێنەوە لە رێگەی بیمەوە قەرەبوو دەکرێنەوە. بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە ژێر دارووپەردوودا بوون، بەپێی خەمڵاندنەکان تێکرای زیانەکان بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک لە نێوان 200 ملیۆن تمەن تاوەکو 500 ملیۆن تمەن دیاریکراوە، کە دوای هەڵسەنگاندن لە لایەن پسپۆڕانی دادوەرییەوە خەرج دەکرێت."
نەسیری ئاماژە بە ئاماری زیانی باڵەخانەکان و یەکەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانیش کرد و گوتی، "لە کۆی هەشت هەزار و 200 یەکەی نیشتەجێبوون کە لە تاران زیانیان بەرکەوتووە، زۆرترین زیانەکان بەهۆی شکانی جامەکانە. 4 هەزار و 700 یەکەی نیشتەجێبوون جامیان شکاوە، دوو هەزار و 600 یەکە پێویستیان بە چاکسازیی مامناوەندیی هەیە. 500 باڵەخانە و یەکە پێویستیان بە پتەوکردنە و 400ی دیکەش پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە یان ئاوەدانکردنەوە هەیە."
بە گوتەی نەسیری، بە بڕیاری عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تاران، دەبێت پرۆسەی چاکسازییەکان تاوەکو 15ی تەمموزی ئەم ساڵ (دوو رۆژی دیکە) تەواو بکرێن.
بەرپرسەکەی شارەوانیی تاران هەروەها روونیکردەوە، لە 22 ناوچەکەی تاران، لە 11 ناوچە نزیکەی 25 هەزار و 700 بەڵێندەر بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانە و ئەو یەکە نیشتەجێبووانەی زیانیان بەرکەوتووە، دەستیان بە چاڵاکی کردووە.
سەرۆکی دامەزراوەی پێشگیری و کۆنترۆڵی قەیرانی شارەوانیی تاران هەروەها دەڵێت، بۆ بەکرێ گرتنی خانوو، سەرۆکی شارەوانی تاران پێشنیازێکی خستەڕوو بەوەی یەک ملیار و 500 ملیۆن تمەن وەکو باڕمتە و 30 ملیۆنیش بۆ کڕێ بدرێتە خێزانەکان. عەلی نەسیری رایگەیاند، بۆ ئەوەش پێویستیان بە دوو تریلیۆن تمەنە.
بە گوتەی هەمان بەرپرس، بۆ ئەو کەس و خێزانانەی لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیلدا هەموو کەلوپەلەکانیان لەدەستداوە، بڕیار دراوە بڕی 250 ملیۆن تمەن تەرخان بکرێت.
سەبارەت بە نیشتەجێکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانەوە ماڵەکانیان خاپوور بوون، عەلی نەسیری دەڵێت، تاوەکو ئێستا 11 هۆتێل لە لایەن شارەوانیی تارانەوە بەکرێ گیراون و دوو هۆتێلی سەر بە شارەوانیش بۆ هەمان مەبەست تەرخان کراون.
لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە. بە گوتەی بەرپرسانی ئێران، زیاترین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای تاران و شاری تاران بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ