بەرپرسێکی ئێران: دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەڵەیەکی گەورە بوو

13-10-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عەلی ئەکبەر ناتق نووری، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەڵێت، هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و دەستبەسەرداگرتنی لە ساڵەکانی سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لەو وڵاتە، هەڵەیەکی گەورە بوو و سەرهەڵدانی زۆربەی کێشەکانی ئێران بۆ ئەو رووداوە دەگەڕێتەوە.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئێران، عەلی ئەکبەر ناتق نووری رایگەیاند، "زۆرێک لە کێشەکان لە هەندێک هەڵەوە سەرچاوەیان گرتووە کە هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی روویاندا. بۆ نموونە، دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە پاساوی ئەوەی بارەگایەکە بۆ سیخوڕی، ئەوە هەڵەیەکی گەورە بوو."
 
عەلی ئەکبەر ناتق نووری گوتیشی، "مەگەر باڵیۆزخانەکانی دیکەی جیهان بەشێکیان نییە بۆ هەواڵگری و سیخوڕی؟ ئەوێیان داگیر کرد و ئەمریکاش لە کاردانەوەدا باڵیۆزخانەکەمانی داخست و پارەکانی ئێمەی سڕ کرد."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی کاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی رابردوودا، ئەو ئەندامەی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، "هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە، ناپێگەیشتوویی و ناشارەزایی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەبوو. ئێمە هیچ ئەزموونێکمان لە کاری بەڕێوەبردنی حکومەتدا نەبوو و هەندێک هەڵە هەر لە سەرەتاوە روویاندا."
 
عەلی ئەکبەر ناتق نووری کە پێشووتر خولێک وەزیری ناوخۆ و دوو خولیش پەرلەمانتار بووە، رەخنە لە هێرشی لایەنە تووندڕۆکانی ئێران بۆ سەر باڵیۆزخانەکانی سعودیە و بەریتانیاش دەگرێ و بە هەڵەی گەورە ناوی دەبات و دەڵێت: "ئەم جۆرە کردەوانە بوونەهۆی گوشار و ئاڵنگاری لە سیاسەتی دەرەوەماندا و ئێستاش لەم دۆخەداین".
 
عەلی ئەکبەر ناتق نووری ئاماژە بەوەش دەکات، لەو کاتەوە زنجیرەیەک کێشە و کاردانەوە بەردەوام هەبوون کە لەو بڕیار و هەڵە سەرەتاییانەوە سەرچاوەیان گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.