رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی خۆپێشادانەکانی وڵاتەکەی بە ''هۆکاری سەرەکی''ـی گرژییەکان دەزانێت و دەڵێت، دادگاییکردنیان خێرا و ئاشکرا دەبێت و میدیاکان دەتوانن بڵاوی بکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-01-2026، غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران سەبارەت بە دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانی ئەم دواییانەی وڵاتەکەی رایگەیاند، ''دادگاییکردنیان خێرا و بە شێوەی ئاشکرا بەڕێوەدەچێت.''
غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی جارێکی دیکە بەشێک لە خۆپێشاندەرانی بە ''تیرۆریست ناوبرد و گوتی، ''کەسانێک کە لە شەقامەکان سەری خەڵک دەبڕن یان مرۆڤ دەسووتێنن، پێویستە بە زووترین کات دادگایی بکرێن و سزای خۆیان وەربگرن.''
قسەکانی سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لەکاتی سەردانیکردنی شوێنی راگرتنی ژمارەیەک لە دەستگیرکراوان بوو لە تاران، کە بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، خۆی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ''ئاژاوەگێڕان'' دەکات و قسەی لەگەڵ بەشێکیان کردووە.
غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتی دادی ئێران سەرقاڵی رێکخستنی لێپرسینەوەی ئاشکرا لەو دەستگیرکراوانەیە کە بەگوتەی خۆی ''هۆکاری سەرەکی''ـی گرژییەکانی ئەم دواییانە بوون لە وڵاتەکە، ''بە شێوەیەک کە پڕۆسەی لێپرسینەوە و دادگاییکردنیان بۆ میدیاکانیش بەردەست دەبێ.''
خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆژی 28-12-2025ـەوە بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکارانی بازاڕی گەورەی تاران دەستیپێکرد و دواتر هەر 31 پارێزگاکەی ئێرانی گرتەوە.
بەهۆی گرژییەکانەوە، ماوەی شەش رۆژە حکومەتی ئێران هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندی لە سەرانسەری وڵات بڕیوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هێرانا)، لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە دوو هەزار و 403 کەس کوژراون، کە 147یان لە هێزە ئەمنییەکان و کەسانی سەر بە دەسەڵاتن، ئەوانی دیکە خەڵکی مەدەنین کە 12ـیان منداڵن.
بەپێی ئامارەکە، ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆپێشاندەران بریندارن و برینی هەزار و 134ـیان سەختە. هەروەها تاوەکو ئێستا لە 18 هەزار و 434 دەستبەسەرکراو، دانپێدانانی زۆرەملێی 97ـیان لەلایەن حکومەتەوە بڵاوکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ