رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی سوپای پاسداران رایگەیاند، سێ تیمی چەکدارییان لە سنوورەکان لەنێوبردووە کە ویستوویانە بۆ کاری "تێکدەرانە" بێنە نێو خاکی ئەو وڵاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-01-2026، میدیای فەرمیی سوپای پاسداران لە زاری فەرماندەی پاسەوانی سنووری فەراجای ئێرانەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانیان سێ تیمی چەکدارییان دەستنیشان کردووە و لەنێویان بردوون. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تیمەکان "بڕێکی زۆر تەقەمەنییان پێبووە و ئامانجیان کاری تێکدەرانە بووە."
لە راپۆرتەکەی میدیای سوپادا، هیچ زانیارییەک لەبارەی ناسنامەی ئەندامانی تیمەکان و شوێنی رووداوەکە لە سنوورەکان ئاشکرا نەکراوە.
ئەم راگەیاندنەی سوپای پاسداران هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە. خۆپێشاندانەکان کە رۆژی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی و بە مانگرتنی کاسبکاران لە تارانەوە دەستیپێکرد، ئێستا پێی ناوەتە 18ـەیەمین رۆژەوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن، ناڕەزایەتییەکان هەموو پارێزگاکانی ئێرانی گرتووەتەوە.
چالاکڤانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ حکومەتی ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی هەوڵ دەدات لە رێگەی دروستکردنی دۆسیەی ئەمنییەوە، ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان بە دەستوەردانی دەرەکی گرێ بدات تاوەکو پاساو بۆ سەرکوتکردنیان بهێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رۆژی هەینی 9ی کانوونی دووەم، خۆپێشاندانەکانی وڵاتەکەی بە "پلانی ئیسرائیل و ئەمریکا" ناودێر کرد و فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی داد کرد، "هیچ نەرمییەک" بەرامبەر خۆپێشاندەران نەنوێنن.
لە کاردانەوەی هەڵوێستەکانی تاراندا، ئەمڕۆ هەژماری فارسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس رایگەیاند: "ئەوەی کۆماری ئیسلامی خۆپێشاندەران بە ئاژاوەگێڕ و تیرۆریست ناودەبات، هەوڵێکە بۆ فریودانی جیهان. ئەم تۆمەتانە تەنیا بۆ رەواییدانە بە سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ