رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، کۆبوونەوەی ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپی لە تورکیا دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "رۆژی هەینی گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکان لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت".
بەقایی گوتی: "بەرنامەی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە درێژەدانە بە گفتوگۆکان لەگەڵ هەر سێ وڵاتی ئەورووپی بە تایبەت گفتوگۆ سەبارەت بە دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا".
تاوەکو ئێستا ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپی سێ جار دانوستاندنیان لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران کردووە.
بڕیار بوو گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەورووپا لە رۆژی 22ـی نیسان بەر لە چوارەمین گەڕی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا لە رۆما بەڕێوەبچێت، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
رۆژی 21-11-2024، ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی دژی ئێران پەسند کرد.
بەگوێرەی بڕیارنامەکە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوا لە ئێران دەکات زانیاریی تەواو لەبارەی شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێنراو لە هەردوو بنکەی ئەتۆمیی فۆردو و نەتەنز بدات کە "شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 83٪ لەو دوو بنکەیە دۆزراوەتەوە."
هەروەها داوا لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکەش کراوە راپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە بکات.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەڵامی بڕیارنامەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، کۆمەڵە سانتریفیوجێکی نوێ و پێشکەوتوو بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دەخاتەگەڕ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ