تاران دەڵێت قسەکانی ترەمپ و کردارەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر ئێران دژبەیەکن

14-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

تاران دەڵێت، بانگەوازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ گفتوگۆ و ئاشتی، لەگەڵ کردارەکانی واشنتن بەرامبەر خەڵکی ئێران "یەک ناگرنەوە". 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت: "ئەو حەزەی کە سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاشتی و گفتوگۆ دەری دەبڕێت، لەگەڵ کرداری دوژمنکارانە و تاوانکارانەی ئەمریکا بەرامبەر خەڵکی ئێران، یەک ناگرنەوە."
 
لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکان و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی کردە ئامانج و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
 
ئەو شەڕە 12 رۆژییە لەگەڵ ئیسرائیل، کە لە ماوەیەدا ئەمریکا هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران، بووە هۆی لەباربردنی دانوستاندنە ئەتۆمییە ئاستبەرزەکانی نێوان تاران و واشنتن.
 
ئێرانیش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی وەڵامی دایەوە، کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس لە ئیسرائیل. لە 24ی حوزەیرانەوە ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا لە ئارادایە.
 
لە گوتارێکیدا رۆژی دووشەممە لە کنێستی ئیسرائیل، ترەمپ رایگەیاند کە خوازیاری رێککەوتنێکی ئاشتییە لەگەڵ ئێران و گوتی: "تۆپەکە لە گۆڕەپانی تاراندایە" بۆ ئەوەی هەر رێککەوتنێک بێتەدی.
 
ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا ئەو بانگەوازەی رەتکردەوە.
 
وەزارەتی دەرەوە پرسیویەتی: "چۆن دەکرێت لە نێوەندی دانوستاندنی سیاسیدا هێرش بکرێتە سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتێک، زیاتر لە هەزار کەس بکوژرێن کە ژن و منداڵی بێتاوانیان تێدایە، دواتریش داوای ئاشتی و دۆستایەتی بکرێت؟"
 
ترەمپ هەروەها گوتی: "هیچ شتێک هێندەی ئەوە خزمەت بە ناوچەکە ناکات کە سەرکردەکانی ئێران واز لە تیرۆریستان بهێنن، هەڕەشە لە دراوسێکانیان نەکەن، پاڵپشتیی دارایی گرووپە چەکدارە بەوەکالەتەکانیان رابگرن و لە کۆتاییشدا دان بە مافی هەبوونی ئیسرائیلدا بنێن."
 
تاران وەڵامی دایەوە و ئەو قسانەی بە "نابەرپرسانە و جێگەی شەرم" ناوبردن و ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی "بەرهەمهێنەری سەرەکیی تیرۆر و پشتیوانی رژێمی تیرۆریستی و جینۆسایدکاری زایۆنییە."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکان... هیچ شەرعییەتێکی ئەخلاقیی نییە تاوەکو کەسانی دیکە تۆمەتبار بکات."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە