گوتەبێژی حکومەتی ئێران: نرخی نوێی بەنزین لە شەممەی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، بڕیاری گرانکردنی نرخی یەک لیتر بەنزین بۆ پێنج هەزار تمەن لە شەممەی داهاتووەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
شەوی دووشەممە 8ی کانوونی یەکەمی 2025 فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتوو، 13ی کانوونی یەکەمی 2025، دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری گرانکردنی نرخی بەنزین بۆ پێنج هەزار تمەن لە سەرانسەری وڵاتەکە دەکرێت.
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەو پارەی لە نرخی سێیەمی بەنزین دەستیاندەکەوێت راستەوخۆ بۆ گوزەرانی خەڵک خەرج دەکرێت.
 
بە گوتەی فاتمە مهاجرانی، بەنزینی یارانەیی 60 لیتری بە هەزار و 500 تمەن و بەنزینی نیمچەیارانەیی 100 لیتری بە سێ هەزار تمەن وەک خۆیان دەمێنن و گۆڕانکاری لە نرخەکانیاندا ناکرێت.
 
مهاجرانی دەڵێت، 80%ی خەڵک لە رێگەی ئەو دوو پشکە 60 لیتر و 100 لیترەی بۆیان دانراوە پێداویستییەکانیان بۆ بەنزین دابین دەکەن. بڕیاری گرانکردنی بەنزین بۆ پێنج هەزار تمەن تەنیا ئەو کارتە سووتەمەنییە فریاگوازییانە دەگرێتەوە، کە لە بەنزینخانەکاندا هەیە و ئەوانەی دەیانەوێت ئەو کارتانە بەکاربهێنن دەبێ بۆ هەر لیترێک پێنج هەزار تمەن بدەن.
 
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی نەوتی ئێران، 40%ی بەکارهێنانی بەنزین لەو وڵاتە لە رێگەی ئەو کارتە سووتەمەنییانەیە کە لە بەنزینخانەکان دانراون.
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران هەروەها رایگەیاند، "لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەوە، جگە لە ئامبولانس و ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەکان، هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تابلۆی حکومییان هەیە، ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو و هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تابلۆی ناوچەی ئازادیان هەیە، پشکی بەنزینی پاڵپشتیکراویان نامێنێت."
 
رۆژی 25ی تشرینی دوومی 2025، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاندبوو، نرخی سێیەمی بەنزین لە لایەن حکومەتەوە بڕیاری لەسەر دراوە و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان، ئەگەر بیانەوێ زیاتر لە پشکە 60 و 100 لیترەکانیان بەنزین بکڕن دەبێ بۆ هەر لیترێک پێنج هەزار تمەن بدەن.
 
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکەی حکومەت، هەر کەسێک ئۆتۆمبێلی نەبێ و دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئۆتۆمبێلی نوێ بکڕیت، تەنیا دەتوانێت بەنزینی پێنج هەزار تمەنی تێبکات.
 
ئێستا لە ئێران سێ نرخی بەنزینی ئاسایی و نرخێکی بەنزینی سوپەر هەیە، کە یەک لیتری بە 65 هەزار و 800 تمەنە.
 
لە ئێران رۆژانە 114 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمدێت، بەڵام بەکارهێنانی لە رۆژێکدا لە نێوان 130 تاوەکو 134 ملیۆن لیتردایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 چاوەڕێ دەکرێت برنج گرانتر ببێت.

نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاوردەکردنی برنج لە ئێران هەڵگیرا و چاوەڕێی گرانتربوونی دەکرێت

رۆژ لە دوای رۆژ نرخی خۆراک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزتر دەبێتەوە لەوانەش برنج. چەند مانگی رابردوو بەهۆی کەمبوونەوەی لە بازاڕەکان، نرخی برنج چەند جارێک بەرزبووەتەوە. وەزیری کشتوکاڵی ئێران دەڵێت، نرخی پاڵپشتکراو بۆ هاوردەکردنی برنج هەڵگیراوە، بۆیە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی هەیە.