رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی دەڵێت، تاران ئامادەیە رێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا، واژۆ بکات، بەو مەرجەی گەماڕۆ ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکە هەڵبگیرێن.
رۆژی چوارشەممە، 14ی ئایاری 2025، عەلی شەمخانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی رایگەیاند، "لە رێککەوتن لەگەڵ ترەمپ دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی زۆر دەبین، ئامادەی رێکەوتنێکی ئەتۆمی دەبین لەگەڵ ترەمپ، بە مەرجی دیاریکراو، لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان".
عەلی شەمخانی گوتی: "ئێران پابەند دەبێت کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی دروست نەکات، کۆگاکردنی یۆرانیۆم بە رێژەی زۆر پیتێنراو کە دەتوانێت ببێتە چەکی ئەتۆمی، نەهێڵێت، یۆرانیۆم تەنیا تاوەکو ئاستە نزمەکانی پێویست بۆ بەکارهێنانی مەدەنی بپیتێنێت، هەروەها رێگە بە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان دەدات کە چاودێریی پرۆسەکە بکەن، لە بەرامبەر هەڵگرتنی دەستبەجێی سەرجەم سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران".
لەبارەی پێشنیازکردنی لقە زەیتوون لەلایەن ترەمپەوە بۆ ئێران عەلی شەمخانی گوتی: "ئەو باسی لقێکی زەیتوون دەکات کە نەمانبینیوە، هەموو شتێک تەلی دڕکاوییە."
لێدوانی شەمخانی دوای ئەوە هات کە رۆژی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ لە گوتارەکەیدا لە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعودیە و ئەمریکا لە ریاز گوتی: "لە کاتێکدا ئێوە بیابانە وشکەکانتان کردووە بە خاکی بەپیت، سەرکردەکانی ئێران زەوییە سەوز و کشتوکاڵییەکانیان کردووەتە بیابانی وشک، چونکە گەندەڵن".
ترەمپ بە ئاماژەدان بە رێبەرانی کۆماری ئیسلامی گوتی: "پێیان دەڵێن مافیای ئاو؛ مافیای ئاو دەبێتە هۆی وشکەساڵی و وشکبوونەوەی رووبارەکان کە خەڵک ئاویان نییە".
دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: لە کاتێکدا وڵاتانی عەرەبی سەرنجیان لەسەر بوونە پایەی سەقامگیری ناوچەکە و بازرگانی جیهانییە، سەرکردەکانی ئێران سەرنجیان لەسەر دزینی سامانی گەلەکەیانە بۆ دابینکردنی بودجەی تیرۆر و خوێنڕشتن لە دەرەوەی وڵاتەکەیان".
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمریکا و ئێران لە ماوەی مانگێکدا چوار جار لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کۆبوونەتەوە.
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ