پزیشکیان: رێگەی ئاشتی دەگرینەبەر

15-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، پێویستە پەنجەری دیپلۆماسی کراوە بێت و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش رێگەی ئاشتی دەگرنەبەر.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، شەوی دووشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس پەیامێکی سەبارەت بە دۆخی ئێستای وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بۆ کردنەوەی ئاسۆی نوێ دەبێت بە چاوێکی رەخنەگرانە سەیری رابردوو بکەین. ئەوەی بەرەو داهاتوویەکی باشتر دەمانبات، دووبارە بنیاتنانەوەی هیوا، ئامادەبوون بۆ فێربوون، گۆڕانکاری و دروستکردنی رێگەیەکی نوێیە بە کۆدەنگی، هاوسۆزی و ژیرایەتی."
 
پزیشکیان جەخت لەسەر گرتنەبەری دیپلۆماسی و ئاشتی دەکاتەوە و دەڵێت: "هێشتا پێمانوایە پەنجەرەی دیپلۆماسی کراوەیە و ئێمەش رێگەی ئاشتی دەگرینەبەر."
 
سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکی دیکەدا ئاماژە بە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات و نووسیویەتی: "لە تاقیکردنەوە مەزنەکەی شەڕی سەپێنراودا، هەرچەندە گوشار و کێشەی دەروونیی زۆر بەسەر گەلەکەماندا سەپێندرا، بەڵام شایەتی دروستبوونی یەکێک لە ناوازەترین دەرکەوتەکانی بەشداریی گشتی، کۆدەنگی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا بووین و ئێرانییەکان لە ناوخۆ و دەرەوە، رەخنەگران و ناڕەخنەگران، بە یەکگرتوویی لە دژی دوژمنی دەستدرێژکار وەستانەوە."
 
لە لایەکی دیکەوە، محەممەدڕەزا عارف، جێگری سەرۆککۆماری ئیران دەڵێت، بە پێی ئەو ستراتیژەی لە لایەن عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دیاری کراوە، "تاران بەدوای جەنگ لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکدا نییە و هەوڵدەدەین کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکەین."
 
بە گوتەی عارف، ئێران بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن ئامادەیە، بەڵام پێویستە هەلومەرجی گفتوگۆ برەخسێنرێت.
 
جێگری سەرۆککۆماری ئێران جەخت لەوەش دەکاتەوە کە پێویستە هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بن و دەڵێت: "ئەگەر هەر کەس و لایەنێک روانینێکی خراپی بۆ ئێران هەبێت، وەڵامێکی توندی دەدەینەوە."
 
لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
 
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
 
دوای راگەیاندنی ئاگربەست، بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا چەندین جار ئامادەییان بۆ گفتوگۆ دەربڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کات و شوێنێک بۆ بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکان دیاری نەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.