دوای رێکاری تووندی حکومەت خۆپێشاندانەکانی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای گرتنەبەری رێکاری تووند لەلایەن حکومەتەوە، خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تاڕادەیەکی زۆر کەمبوونەتەوە.
 
خۆپێشاندانەکان لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمدا بە مانگرتنی دووکاندارەکانی تاران دەستیان پێکرد، بەهۆی خراپیی بژێویی ژیانەوە؛ بەڵام زۆر بە خێرایی گۆڕا بۆ خۆپێشاندانێکی گەورە لە دژی حکومەت و داوای رووخانی دەسەڵاتیان کرد.
 
خۆپێشاندانەکان گرژییان تێکەوت. حکومەت خۆپێشاندەرانی بە ئاژاوەنانەوە و هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان و سامانی گشتی تۆمەتبار کرد و رێکاری تووندی لە بەرامبەریان گرتەبەر.
 
ئامارەکان
 
بەپێی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کە بارەگاکەی لە نەرویجە، لانیکەم 3428 خۆپێشاندەر کوژراون. هەروەها رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ مەزەندەی ئەوە دەکەن نزیکەی 20 هەزار کەس دەستگیر کرابن.
 
حکومەت ئینتەرنێتی لە سەرتاسەری وڵات بڕیوە.
 
ئایا خۆپێشاندانەکان بە تەواوی کۆتاییان هاتووە؟
 
پەیمانگەی توێژینەوەکانی جەنگ لە واشنتن دەڵێت، رەنگە "سەرکوتکردن" بۆ ئێستا خۆپێشاندانەکانی راگرتبێت، بەڵام "هێزە ئەمنییەکان ناتوانن بۆ هەمیشە بەم شێوەیە لەسەر شەقامەکان بمێننەوە، بۆیە ئەگەری هەیە خۆپێشاندانەکان جارێکی دیکە دەستپێبکەنەوە."
 
حکومەتی ئێران چی دەڵێت؟
 
رۆژی پێنجشەممە، غۆلام حوسێن دەرزی، جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجوومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتیی گوت،  "هێزی دەرەکی" لە نێویاندا ئەمریکا و ئیسرائیل لەپشت هاندانی تووندوتیژییەکانەوەن. بە گوتەی خۆی، ئەو هێزانە هەندێک کەسیان هانداون تەقە لە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بکەن و شوێنە گشتییەکان بسووتێنن.
 
هەڵوێستی وڵاتانی دیکە چی بوو؟
 
ئەمریکا: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەرەتا هەڕەشەی هێرشی سەربازیی کرد، بەڵام دواتر قسەکانی گۆڕی و گوتی چاودێریی دۆخەکە دەکات.
 
سعودیە: بەرپرسێکی سعودی رایگەیاندووە، سعودیە و قەتەر و عومان داوایان لە ترەمپ کردووە "دەرفەتێک بدات بە ئێران" و هۆشدارییان داوە کە هێرشکردنە سەر ئێران "کاردانەوەی مەترسیداری" لێدەکەوێتەوە.
 
ئیسرائیل و رووسیا: کرێملین رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، بە جیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا کردووە و ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری نیشان داوە.
 
چیرۆکی عیرفان سوڵتانی
 
لەناو هەموو ئەم رووداوانەدا، قسە لەسەر لەسێدارەدانی گەنجێکی خۆپێشاندەر بەناوی "عیرفان سوڵتانی" کرا؛ بەڵام دواتر دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، ئەو دەستگیر کراوە، بەڵام تۆمەتەکانی سزای لەسێدارەدانیان لەسەر نییە.
 
سەرەڕای بڕینی ئینتەرنێت، هێشتا ڤیدیۆی نوێ لە ئێرانەوە بڵاودەبنەوە. یەکێک لە ڤیدیۆکان وێنەی تەرمی کەڵەکەبوو لە ساردخانەیەکی باشووری تاران نیشان دەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەسێک تەرمی کەسوکاری وەردەگرێتەوە لە ئێران.

رێکخراوێکی مافی مرۆڤ: لە ئێران تەرمی خۆپێشاندەر بە 4,800 دۆلار دەدرێتەوە کەسوکاری

هاونیشتمانییەکی خەڵکی شابادی کرماشان کە لە خۆپێشاندانەکاندا بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا. سەرچاوەیەکی نزیک لە کەسوکارەکەی دەڵێ، ئێران بۆ رادەستکردنەوەی تەرمەکەی، داوای بڕێکی زۆر پارە دەکات.