رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و پڕ لە گرژیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، دۆخی ئێران بووە سەنتەری مشتومڕە نێودەوڵەتییەکان. ئەمریکا لە رێگەی نوێنەرەکەیەوە رایگەیاند کە هێشتا بژاردەی سەربازی دژی تاران لەسەر مێزە، لە بەرامبەریشدا ئێران، رووسیا و چین هۆشدارییان لە هەر دەستێوەردانێکی سەربازی دا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، مەسیح عەلینەژاد، چالاکوانی دیاری ئێرانی، وەک شایەتحاڵێکی دۆخەکە بانگهێشت کرا. عەلینەژاد چیرۆکی "سیاوەش شیرزاد"ی تەمەن 30 ساڵی گێڕایەوە کە بە هیوای بەڵێنەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پاراستنی ژیانیان، چووەتە سەر شەقام بۆ ئاهەنگگێڕانی سەرکەوتنی شۆڕش. ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ سەرەتا بەڵێنی "کۆمەکی" بۆ خۆپێشاندەران دابوو، بەڵام دواتر تۆنی قسەکانی گۆڕی و باسی لەوە کرد کە کوشتن لە ئێران وەستاوە.
مایکڵ واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی کردەوە کە ترەمپ "پیاوی کردارە" و هەموو بژاردەکانی بۆ راگرتنی "کوشتارگەکە" لەبەردەستدایە. لە بەرامبەردا، غوڵامحسێن دەرزی، جێگری نوێنەری ئێران، ئەم کۆبوونەوەیەی بە "شەرمەزاری" ناوبرد و ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە هاندانی ئەمریکا بۆ هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ.
رووسیا و چین بە تووندی دژی هەڵوێستی واشنتن وەستانەوە. ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی رووسیا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو نیگەرانی خۆی دەربڕی کە ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا ئامادەکارییەکە بۆ دەستێوەردانی سەربازی و تێکدانی سەروەریی ئێران. سون لی، جێگری نوێنەری چینیش، داوای گەڕانەوەی بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان کرد و دژی "یاسای جەنگەڵ" وەستایەوە.
لە کۆتاییدا، مەسیح عەلینەژاد لە لێدوانێکدا بۆ رووداو هۆشداری دایە ترەمپ کە ئەگەر وەک سەرۆکەکانی پێشوو (ئۆباما و بایدن) تەنیا بە قسە پشتگیری بکات، مێژوو حوکمێکی توندی بەسەردا دەدات؛ هاوشێوەی ئەوەی جۆرج بوشی باوک لە ساڵی 1991 بەرامبەر راپەڕینی عێراقییەکان ئەنجامی دا و بەجێهێشتنیان بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ