رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کرماشان رایدەگەیێنێت، ژمارەیەکی زۆر لە "رێکخەرانی ئاژاوەکان"ـیان دەستگیرکردووە کە بە گوتەی ئەو "تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە و مزگەوتیان سووتاندووە." دەشڵێت: "ئەوانە راهێنراو بوون بۆ ئەوەی ژمارەی کوژراوان زیاد بکەن."
ئەمڕۆ هەینی، 16-01-2026، مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە میدیای فەرمیی سوپای پاسدارانی راگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستان کە رێکخەری ئاژاوەکان بوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون."
پارێزگاری کرماشان ئەو کەسانەی بە "تیرۆریست و بکوژ" ناوبرد و گوتی: "ئەم تیرۆریستانە تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، مزگەوت و دووکانی خەڵکیان سووتاندووە و خەڵکی ئاساییان شەهید کردووە."
بە گوتەی حەبیبی، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون "چەک، بێتەل و بۆمبی دەستییان پێبووە" و پێیوایە "پێشتر راهێنانیان پێکراوە تاوەکو کردەوەی تیرۆریستی بکەن و ئاژاوە بنێنەوە، مەبەستیشیان زیادکردنی ژمارەی کوژراوان بووە."
ئەمڕۆ 20 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکاندا تێدەپەڕێت؛ خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 28-12-2025ـەوە بەهۆی گرانی و دۆخی خراپی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکارانی بازاڕی تاران دەستیپێکرد و دواتر هەموو پارێزگاکانی گرتەوە؛ دروشمەکانیش لە ئابوورییەوە بۆ دژی دەسەڵات گۆڕان.
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند پەیامێکدا پشتیوانیی بۆ خۆپێشاندەران دەربڕیوە و دەڵێت "یارمەتی بەڕێوەیە".
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لەم ماوەیەدا سێ هەزار و 428 خۆپێشاندەر کوژراون. لە بەرامبەردا بەرپرسانی تاران دەڵێن، ئەوەی لە شەقامەکانی ئێران هەیە "کردەوەی تیرۆریستییە" و بە تووندترین شێوە رووبەڕوویان دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ