رێکخراوێکی مافی مرۆڤ: لە ئێران تەرمی خۆپێشاندەر بە 4,800 دۆلار دەدرێتەوە کەسوکاری

16-01-2026
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاونیشتمانییەکی خەڵکی شابادی کرماشان کە لە خۆپێشاندانەکاندا بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا. سەرچاوەیەکی نزیک لە کەسوکارەکەی دەڵێ، ئێران بۆ رادەستکردنەوەی تەرمەکەی، داوای بڕێکی زۆر پارە دەکات.
 
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمیرعەلی جەلیلیان،  تەمەن 65 ساڵ و شۆفێری بارهەڵگر کە 8ـی کانوونی دووەمی 2026 لە خۆپێشاندانەکانی شابادی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار ببوو، دوای پێنج رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە کەسوکاری ئەمیرعەلی بە رێکخراوەکەی راگەیاندووە، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بۆ رادەستکردنەوەی تەرمەکەی، داوای 700 ملیۆن تمەن (نزیکەی 4800 دۆلار) دەکەن.
 
پێشتریش رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردبوو دادپزیشکیی شارەکان بۆ رادەستکردنەوەی تەرمی کوژراوان داوای پارە لە کەسوکاریان دەکەن، بەڵام فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی وڵاتەکە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکە، بە فەرمی ئەوەیان رەتکردووەتەوە.
 
لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025ـوە ناڕەزایی و خۆپێشاندان دژی گرانی و دابەزینی نرخی تمەن لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دەستیپێکرد و دواتر سەرجەم پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە و لە زۆربەی شارەکاندا گرژی تێکەوت.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا)، لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تاوەکو کۆتایی رۆژی 19ـیەم، کوژرانی دوو هەزار و 677 کەس پشتڕاستکراوەتەوە کە 16ـیان منداڵن و 163ـیان هێزی ئەمنی و کەسانی سەر بە حکومەتن.
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، بەدواداچوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی هەزار و 693 کەسی دیکەیش دەکرێ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە