رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی پۆلیسی رێگەوبانی ئێران ئاشکرای دەکات، لە ماوەی نۆ مانگدا زیاتر لە 15 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و دەڵێت: "زۆرترین ژمارەی قوربانییان لە توێژی گەنجانن".
رۆژی دووشەممە، 16-02-2026، حەسەن مومێنی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی رێگەوبانی ئێران رایگەیاند، لە 21-03-2025 تاوەکو 21-12-2025 واتە لە ماوەی 9 مانگدا، 15 هەزار و 513 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە؛ بەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو رێژەکە 3.8٪ زیادی کردووە.
حەسەن مومێنی ئاماژەی بەوە کرد، 62٪ـی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە تەمەنی کارکردندان و زۆرترین ژمارەی قوربانییان لە گرووپی تەمەنی 20 بۆ 30 ساڵان تۆمار کراوە، ئەمەش بە "مەترسییەکی گەورە لەسەر سەرمایەی مرۆیی وڵات" وەسف دەکات.
بە گوتەی جێگری فەرماندەی پۆلیسی رێگەوبانی ئێران، لە 20 ساڵی رابردوودا 396 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و شەش ملیۆن و 300 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە 15٪ـیان تووشی کەمئەندامی بوون. تێکڕای گیانلەدەستدانی ساڵانەش 19 هەزار و 800 کەسە.
بەپێی ئامارەکانی زانکۆی زانستی پزیشکیی بەهەشتی لە تاران، گیانلەدەستدان بە رووداوی هاتووچۆ، سێیەمین هۆکاری مردنە لە ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ