رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی جەستەی ژنێکی تەمەن 36 ساڵی دانیشتووی شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە تووشی مردنی مێشک ببوو، بە رەزامەندیی خێزانەکەی بەخشرانە چوار نەخۆش.
رۆژی دووشەممە، 16ی شوباتی 2026، بێهنام رەوەندی، بەرپرسی چاندنی ئەندامانی جەستە لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند: "مەریەم باقری موسەوی، تەمەن 36 ساڵ، دوای ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە تووشی مێشک مردن ببوو، بە رەزامەندیی و بڕیاری خێزانەکەی، ئەندامانی جەستەی بەخشرانە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیە."
بێهنام رەوەندی گوتی،" هەردوو گورچیلە و جگەر و دڵی ئەو ژنە بەخشرانە چوار نەخۆش کە ماوەیەکی زۆر بوو لە نۆرەی چاندنی ئەندامدا بوون".
بێهنام رەوەندی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ رێزگرتن لەم هەڵوێستە مرۆییە، بەرپرسانی تەندروستی و ژمارەیەک لە خەڵکی شارەکە سەردانی خێزانی "مەریەم"یان کردووە و سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە نیشانداوە، کە بووەتە هۆی بەخشینی ژیان بە چوار مرۆڤی دیکە.
لە ئێران لە هەر دوو کاژێر جارێک کەسێک بەهۆی نەبوونی ئەندامی جەستە بۆ چاندن گیان لە دەستدەدات.
بە گوتەی بێهنام رەوەندی، هەر کەسێک تووشی مردنی مێشک دەبێت دەتوانێت ژیان بە 8 کەس ببەخشێتەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا نزیکەی 25 هەزار نەخۆش لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ وەرگرتنی ئەندامی جەستە، لە کاتێکدا ساڵانە تەنیا نزیکەی 800 کەس ئەندامەکانی جەستەیان دەبەخشن.
ئەو کەسانەی تووشی مێشک مردن دەبن، دەکرێت بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان وەک (دڵ، جگەر، گورچیلە، پەنکریاس و سییەکان) ببەخشرێتە ئەو کەسانەی بەهۆی پەککەوتنی ئەندامەکانیانەوە لە لێواری مردندان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ