جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: ناتوانن لە مافە ئەتۆمییەکانمان بێبەشمان بکەن

16-08-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، تاران بڕیاری داوە لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە بەردەوام بێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "ئێران ئامادەیە بەرگری لە مافە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکەی بکات."
 
سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی هەینی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای تورکیا ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا کرد و رایگەیاند: "دانوستاندنەکان بەردەوام دەبن. ئێمە بڕیارمان داوە بەردەوام بین و بەردەوامیش دەبین. بەڵام پێویستە وریا و هۆشیاربین بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە هیچ کەسێک ئەم بابەتە ناقۆزێتەوە و وەک ئامرازێک لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا بەکاری ناهێنێت."
 
خەتیبزادە رەخنە لە هەڵوێستی ئەورووپا دەگرێت و دەڵێ، لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، لایەنە ئەورووپییەکان داوایان لە ئێران کرد، ئارام بگرێ و پابەندی رێککەوتنەکە بێت، لە بەرامبەردا بەڵێنیان دا کە هەندێک رێکار بگرنەبەر، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ناتوانن بێ ئەمریکا هیچ شتێک بکەن، بۆیەش ئێران دواتر بڕیاری دا هەنگاو بە هەنگاو پابەندییەکانی کەم بکاتەوە.
 
25ی تەمموزی 2025، شاندی ئێران لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا لەگەڵ شاندی هەر سێ وڵاتی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکەش، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە رایانگەیاند، پێشنیازێکیان داوەتە ئێران بۆ ئەوەی کاتی کاراکردنی میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران درێژ بکرێتەوە و داوایان لە تاران کردووە، پەیوەندیدار بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی رێگەی دیپلۆماسی هەڵبژێرێ.
 
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە هێرشی ئیسرائیل و بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە کرد و گوتی، هێرشکردنەسەر ئێران و بۆردوومانکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکان لە کاتێکدا بوو کە تاران خەریکی دانوستاندن بوو لەگەڵ واشنتن، هەروەها دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ژێر چاودێری وردی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا بوون، بۆیە هەنگاوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان بوون.
 
بە گوتەی سەعید خەتیبزادە، ئێران بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و داوای قەرەبوو لەو وڵاتانە دەکات.
 
سەبارەت بە داهاتووی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی ئاشتیخوازانەیە و لەگەڵ ئەوەشدا تێچوویەکی زۆری بۆ تاران هەبووە، بۆیە بێ گومان بەردەوام دەبن لەسەری.
 
سەعید خەتیبزادە دەڵێت: "ئێران ئامادەیە بەرگری لە مافە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکەی بکات. ئێران بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوە و وزەی خۆی بۆ ئەم بەرنامە ئاشتیخوازانەیە تەرخان کردووە و ناتوانن ئێران لێی بێبەش بکەن."
 
لە کاتی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، رۆژی 22ی حوزەیرانی 2025 سێ بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان لە لایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کران. 
 
بەر لە جەنگەکە، لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران پێنج گەڕی دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچووبوون و لە سەروبەندی بەڕیوەچوونی گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکانی نێوانیان، رۆژی 13ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.