خامنەیی بۆ ترەمپ: ناتوانیت کۆتایی بە ئێران بهێنیت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ لە دیدارێکدا لەگەڵ خەڵکی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات و شاری تەورێز لە تاران گوتی، 47 ساڵە ئەمریکییەکان هەوڵی لەنێوبردنی کۆماری ئیسلامی دەدەن و سەرکەوتوو نەبوون و ترەمپیش نابێت. 
 
خامنەیی دەڵێت، "سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام باسی ئەوە دەکات، سوپاکەمان بەهێزترین سوپای جیهانە. بەهێزترین سوپای جیهان لەوانەیە بە جۆرێک زللـەی بەرکەوێت، کە نەتوانێ هەستێتەوە."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "ئەمریکییەکان بەردەوام دەڵێن کەشتیی فڕۆکەهەڵگرمان رەوانەی ئێران کردووە، راستە کەشتیی فڕۆکەهەڵگر مەترسیدارە. بەڵام مەترسیدارتر لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگر ئەو چەکەیە کە دەتوانێ نوقمی بکات."
 
خامنەیی دەشڵێت، "سەرۆکی ئەمریکا گوتوویەتی 47 ساڵە ئەمریکا نەیتوانیوە کۆماری ئیسلامی لەنێو ببات، گلەیی کردووە لای خەڵکی خۆیان، ئەمە دانپێدانانێکی باشە، دەڵێم، تۆش ناتوانیت ئەم کارە بکەیت."
 
قسەکانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدایە کە تیمی دانوستاندنکاری ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ سەرقاڵی دانوستاندنن.
 
دۆناڵد ترەمپ، رۆژی هەینی 13-02-2026 و لە کاتی جێهێشتنی کۆشکی سپی و دواتر لە بنکەی سەربازیی فۆرت براگ لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور، لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەڤانان سەبارەت بەوەی ئایا دەیەوێ دەسەڵاتی ئێران بڕووخێت، گوتی، "پێدەچێت ئەوە باشترین شت بێت کە رووبدات. 47 ساڵە ئەوان تەنیا قسە دەکەن، لەو ماوەیەشدا ئێمە خەڵکی زۆرمان لەدەستدا، دەست و قاچ و دەموچاوی خەڵکمان شێوێندرا (بەهۆی کارەکانی ئەوانەوە)."
 
سەبارەت بەوەی ئێران چی بکات بۆ ئەوەی لە هێرشی سەربازی دووربکەوێتەوە، ترەمپ گوتی، "ئەو رێککەوتنەمان بدەنێ کە دەبوو لە سەرەتاوە بماندەنێ. ئەگەر رێککەوتنی راستمان بدەنێ، هێرش ناکەین."
 
 ئەمڕۆ خولی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عومان لە سویسرا بەڕێوەدەچێت.
 
بەگوتەی ئێران، کارنامەی ئەم خولەی دانوستانەکان هاوشێوەی قۆناخەکانی پێشوو، تەنیا سەبارەت بە "پرسی ئەتۆمی و لادانی سزاکانی سەر تارانە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تووندوتیژی لە خۆپێشاندانەکانی ئێران

هرانا: کوژرانی 7015 کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێران پشتڕاست کراوەتەوە

ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ لە ئێران ئاشکرای دەکات، لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دا زیاتر لە 7 هەزار کەس کوژراون و زیاتر 53 هەزار کەسیش دەستگیرکراون. دەشڵێت، "هێشتا بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کوژرانی 11 هەزار کەسی دیکە دەکەن."