میدیای ئەمریکی: لە ئەگەری تێوەگلانی واشنتن لە شەڕەکە دا، ئێران بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دا دەکاتە ئامانج

18-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، ئێران مووشەک و کەرەستەی دیکەی سەربازیی ئامادەکردووە بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەگەر ئەمریکا بەشداریی جەنگی ئیسرائیل بکات دژی ئەو وڵاتە.
 
بەپێی بەرپرسانی ئەمریکی کە راپۆرتە هەواڵگرییەکانیان بینیوە، بە نیویۆرک تایمزیان گوتووە، لە ئەگەری هێرشێکدا، "ئێران لەوانەیە دەست بکات بە مینڕێژکردنی گەرووی هورمز، تاکتیکێک کە مەبەست لێی گیرخواردنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکایە لە کەنداوی فارسی/عەرەبی." 
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی 30 فڕۆکەی سووتەمەنیی گواستنەوەی ناردووە بۆ ئەورووپا و ئەوانە دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ یارمەتیدانی فڕۆکە جەنگییەکان کە بنکە ئەمریکییەکان دەپارێزن، یان بۆ درێژکردنەوەی مەودای بۆمبهاوێژەکان بەکاربهێنرێن کە بەشدارن لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
 
ترسی جەنگێکی فراوانتر، لەنێو بەرپرسانی ئەمریکیدا زیاد دەکات، لە کاتێکدا ئیسرائیل گوشار دەخاتە سەر کۆشکی سپی بۆ دەستێوەردان لە ململانێکەی لەگەڵ ئێران. بەرپرسان گوتیان، ئەگەر ئەمریکا بەشداری شەڕی ئێران - ئیسرائیل بکات و هێرش بکاتە سەر فۆردۆ، کە دامەزراوەیەکی سەرەکیی ئەتۆمیی ئێرانە، حووسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن، بە دڵنیاییەوە دەست دەکەنەوە بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور. 
 
دەشڵێن، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریاش رەنگە هەوڵی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا بدەن لە ناوچەکانی خۆیان و دەوروبەریان.
 
فەرماندەکان لە بنکە سەربازییەکانی سەرانسەری ناوچەکە هێزەکانی ئەمریکایان خستووەتە ئامادەیی باڵاوە بە ئیمارات، ئوردن و سعودیەشەوە. 
 
ئەمریکا زیاتر لە 40 هەزار سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر کردووە.
 
دوو بەرپرسی ئێرانی دانیان بەوەدا ناوە کە وڵاتەکەیان هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرەتا بەوانەی عێراق دەستپێدەکەن، ئەگەر ئەمریکا بەشداری جەنگی ئیسرائیل بکات.
 
هەردوو بەرپرسەکە گوتیان، ئێران هەر بنکەیەکی ئەمریکیش دەکاتە ئامانج کە لە وڵاتانی عەرەبیدایە و بەشداری لە هێرشێکدا دەکات.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی دووشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دووژمنەکانمان دەبێت بزانن کە ناتوانن بە هێرشی سەربازی بگەنە چارەسەرێک لەگەڵمان و ناتوانن ئیرادەی خۆیان بەسەر گەلی ئێراندا بسەپێنن." بەپێی پوختەیەکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە خراوەتەڕوو، عێراقچی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا بە هاوتا ئەورووپییەکانی گوتووە، ئەگەر جەنگەکە پەرەبسێنێت، ئەوا لۆمەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئیسرائیل و پشتیوانە سەرەکییەکانی.
 
بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئێران پێویستی بە ئامادەکارییەکی زۆر نابێت بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. سوپای ئێران بنکەی مووشەکی هەیە لە مەودایەکی نزیکدا کە بە ئاسانی دەتوانێت لە بەحرەین، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بدات.
 
ئەگەری بەشداریکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە جەنگەکەدا لەم رۆژانەی دواییدا زیادی کردووە، بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکەی ئیسرائیل و وەک وەڵامێکیش ئێران شەپۆلی مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
 
تۆڕی سی بی ئێسی ئەمریکی کە هاوبەشی رووداوە لە ئاژانسی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ئەورووپی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخەکە گواستوویەتییەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە لەگەڵ ئیسرائیل بەشداری بکات بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بە بنکەی فۆردۆشەوە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، چاوەڕوان دەکرا ئەو بابەتە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان (سیچوەیشن رووم) تاوتوێ بکرێت، گوتوویشیانە کە کۆدەنگیی تەواو لەسەر ئەو بابەتە لەنێوان راوێژکارە نزیکەکانی ترەمپدا نییە. 
 
روون نییە هێرشێک بۆ سەر فۆردۆ چەندە زیان بە تواناکانی ئەتۆمیی ئێران دەگەیێنێت، یان چەندە پەرەپێدانی چەک دوادەخات. کۆگای ئێستای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانیش لە توونێلەکاندا لە شوێنی جیاوازی وڵاتەکەدا شاردراونەتەوە.
 
چەندین بەرپرسی ئەمریکی باسیان لەوە کردووە کە ئیسرائیل پێویستی بە یارمەتیی ئەمریکا دەبێت بۆ ئەوەی زیانێکی بەرچاوتر بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بگەیێنێت.
 

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران.

جێگرەکەی: دەستلەکارکێشانەوەی پزیشکیان چارەسەر نییە

جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن، وەڵامی ئەو لایەنانە دەداتەوە کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەکەن و رایدەگەیێنێت، جێهێشتنی بەرپرسیارێتی چارەسەر نییە و دەپرسێت: "لە دۆخێکی ئاوادا ئێران چی بەسەر دێت؟".