رووداو دییجتاڵ
دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران داوا لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە دەکات وەتسئەپ و ئینستاگرام بەکارنەهێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی حوزەیرانی 2025، کەناڵی دووی دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە، وەتسئەپ و ئینستاگرام خەریکە زانیاری تاکە کەسی و زانیاری لە سەر شوێنی مانەوەی هاووڵاتییان بۆ ئیسرائیل کۆدەکاتەوە.
ئەو کەناڵە داوا لە خەڵک دەکات ئەو دوو ئەپلیکەیشنە بەکارنەهێنن و لە سەر مۆبایلەکانیشیان رەشی بکەنەوە یان لانیکەم ئەم ماوەیە بەهیچ جۆرێک بەکاریان نەهێنن.
بە گوێرەی کەناڵەکە، ئیسرائیل لەو رێگەیەوە دەستی بە زانیارییە تاکەکەسییەکان دەگات و هەربۆیە دەبێت زۆر هۆشیار بن.
بەیانی ئەمرۆش بە بڕیاری ناوەندی فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئێران، بەکارهێنانی هەر جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە و پاسەوانەکانیان قەدەخە کرا.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، یەحیەئیل لیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی مێریتی ئیسرائیلی رایگەیاند: "شەوانی پێنجشەممە و هەینی شتی حەپەسێنەر روودەدەن".
بە گوتەی باڵیۆزی ئیسرائیل، "سوپرایزەکە بە جۆرێک گەورە دەبێت کە ئۆپەراسیۆنی [تەقاندنەوەی] پەیجەر و بێتەلەکان لەچاویدا هیچ نابێت".
ئۆپەراسیۆنی پەیجەر ئاماژەیە بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئەیلوولی 2024 کە بووە هۆی کوژرانی 37 کەس و برینداربوونی نزیکەی 3000 کەسی دیکە.
ئیسرائیل لە رۆژی هەینییەوە دەستی بە هێرش بۆسەر ئێران کردووە و دەڵێت، ئامانجی رێگریکردنە لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ ئامانجێک کە ئێران رەتی دەکاتەوە کاری بۆ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ