رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی دوو مانگ دوای کۆتاییهاتنی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، شەقامەکانی تاران بوونەتە رێڕەوێکی ئاڵۆز بۆ شۆفێران بەهۆی تێکچوونێکی بەربڵاوی سیستمی GPS، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی رۆژانە و ئابووریی دیجیتاڵیی وڵاتەکە داناوە.
فەرشاد فولادی، شۆفێرێکی تەمەن 35 ساڵانە، کە ئەپی "Snapp"ی ئێرانی بۆ گواستنەوەی سەرنشین بەکاردەهێنێت. دەڵێت: "ماوەی چەندین هەفتەیە ناتوانم کار بکەم، زۆربەی کاتم بە سووڕانەوەی بێ ئامانج بەفیڕۆ دەچێت."
کێشە تەکنیکییەکە کە لە دوای هێرشە کتوپڕەکەی ئیسرائیل لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە دەستیپێکرد، بە بەربڵاوترین و درێژخایەنترینی مێژووی ئێران دادەنرێت. وەزارەتی گەیاندنی ئێران رایگەیاندووە، تێکدانەکە بۆ "مەبەستی ئەمنی و سەربازی" پێویست بووە، بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکی زیاتر بدات.
مووشەک، درۆن و رۆکێتەکان زۆرجار سیستمی GPS یان تەکنەلۆجیای هاوشێوە بەکاردەهێنن بۆ دیاریکردنی ئامانجەکانیان. هەرچەندە ئێران پێشتریش لە نزیک بنکە سەربازییە هەستیارەکان ئاماژەی GPSی شێواندووە، بەڵام تێکچوونی ئەم دواییە لە هەموویان بەرفراوانتر بووە.
دیار نییە ئەم رێکارانە تاوەکو کەی بەردەوام دەبن و چەندە زیانیان بە بازرگانیی ئێرانی گەیاندووە. ئەپەکانی گواستنەوە، پلاتفۆرمەکانی گەیاندن و تەنانەت بەرنامەی نەخشەکانی وەک "گووگڵ ماپس" و هاوتا ئێرانییەکەی "نیشان"، تووشی کێشەی گەورە بوون. لە زۆر ناوچەدا، بەتایبەتی لە دەوروبەری تاران، بەکارهێنەران لەسەر نەخشەکە خۆیان بە دووریی سەدان کیلۆمەتر لە شوێنی راستەقینەیان دەبیننەوە.
فولادی، کە خەڵکی پارێزگای لوڕستانە و شارەزاییەکی کەمی لە کۆڵانەکانی تارانی پایتەخت هەیە، دەڵێت: "بۆ ئەوەی بتوانیت هاتووچۆ بکەیت، یان دەبێت یادەوەرییەکی باشت بۆ رێگاکان هەبێت یان شارەکە بەباشی بناسیت. ئێستا تەنیا ئەو سەرنشینانە هەڵدەگرم کە خۆیان رێگاکە دەزانن،" ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی داهاتەکەی.
"زیانی لاوەکی"
لە سەرەتای مانگی ئابدا، جەواد عامل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپی "نیشان" رایگەیاند، بەکارهێنەرە چالاکەکانی رۆژانەیان "بە رێژەی 15% دابەزیوە، لە کاتێکدا چالاکیی دیاریکردنی ئاراستە لەسەر ئەپەکە بە رێژەی 20% کەمیکردووە."
بەردەوامیی تێکچوونەکە ترسی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووریی لەنێو ئێرانییەکاندا زیاتر کردووە. ئابووریی کۆماری ئیسلامی لەژێر باری دەیان ساڵ لە سزای نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردنی خراپدا دەناڵێنێت، کە بە دەستپێکردنەوەی کەمپەینی "ئەوپەڕی گوشار"ی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە سەرەتای ئەمساڵدا خراپتر بووە.
ئاژانسی هەواڵی "خەبەر ئۆنلاین" لە راپۆرتێکدا هۆشداریی داوە لەوەی تێکدانی GPS "زیانی لاوەکی" بە ئابووریی دیجیتاڵ و سەلامەتیی گشتی گەیاندووە، لەوانەش دواکەوتنی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان.
"داهاتوویەکی نادیار"
لەگەڵ زیادبوونی کاریگەرییەکان لەسەر ژیانی خەڵکی سڤیل، ئیحسان چیتساز، جێگری وەزیری گەیاندنی ئێران ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی رەنگە بیر لە جێگرەوەیەک بۆ GPS بکاتەوە و گوتی: "ئەم تێکچوونانە بەرەو بژاردەی جێگرەوە وەک 'بیدۆ هانمان دەدەن."
سیستەمی مانگی دەستکردی "بیدۆ"ی چینی، کە لە ساڵی 2020ـەوە بەتەواوی کارا بووە، وەک رکابەرێکی جیهانی بۆ سیستەمی GPSی ئەمریکی سەریهەڵداوە. چیتساز دانی بەوەدا نا کە گرفتە تەکنیکییەکان، لەگەڵ سنووردارکردنی چەندین ساڵەی ئینتەرنێت، زیانیان بە بازرگانی گەیاندووە و "بێمتمانەیی و نائومێدیی کۆمەڵایەتییان" دروستکردووە.
بەڵام شارەزایان دەڵێن جێگرتنەوەی GPS کارێکی ئاڵۆزە. ئەمیر رەشیدی لە گرووپی "میعان" کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، دەڵێت: "ئەم کارە پێویستی بە گۆڕانکاریی بەرفراوان و تێچووی زۆری ژێرخان هەیە."
خەڵكێكی زۆر لە ئێران پێیانوایە رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل لە ئاسۆدایە، لە کاتێکدا ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوامن لە هەڕەشەی هێرشکردن ئەگەر ئێران دەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی بکاتەوە.
محەممەد حوسێن قەنبەری، شۆفێرێکی دیکەی بەکارهێنەری Snapp، دەڵێت: "هەموو شتێک نادیارە و ناتوانین پلان دابنێین. داهاتوو روون نییە. نازانین شەڕ هەڵدەگیرسێتەوە یان چی روودەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ