ئێران پەنا بۆ پیتاندنی هەور دەبات و شارەزایەک دەڵێت کێشە گەورەکە 'خراپ بەڕێوەبردنی ئاوە'

17-11-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
دیمەنێک لە پارکی میللـەت لە تاران کە وشکەساڵی کاریگەری لەسەری هەبووە. وێنە: ATTA KENARE / AFP
دیمەنێک لە پارکی میللـەت لە تاران کە وشکەساڵی کاریگەری لەسەری هەبووە. وێنە: ATTA KENARE / AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتێکدا ئێران رووبەڕووی وشکترین پاییزی 50 ساڵی رابردووی خۆی بووەتەوە و زەنگی مەترسیی کەمئاوی لە پایتەخت و زۆربەی شارە گەورەکان لێدراوە، حکومەتی ئێران پەنای بۆ تەکنەلۆژیای "پیتاندنی هەور" بردووە بۆ دروستکردنی بارانی دەستکرد.
 
ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە سەرۆککۆماری ئێران هۆشداریی دا ئەگەر باران نەبارێت، رەنگە تاران رووبەڕووی چۆڵبوون ببێتەوە.
 
شارەزایەکی بواری ئاو پێیوایە کێشەی سەرەکیی ئێران کەمبارانی نییە، بەڵکو 'خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی'یە، وڵاتەکەی گەیاندووەتە ئەم دۆخە مەترسیدارە.
 
ئێران لەبەردەم مەترسیی وشکەساڵییەکی مێژووییدا
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو هەفتەی رابردوو تێکڕای بارانبارین لەسەر ئاستی ئێران تەنیا 2.3 ملیمەتر بووە، بە رێژەی 86.5٪ کەمترە لە تێکڕای وەرزی باران بارین، رێکخراوی کەشناسیی وڵاتەکە رایگەیاندووە ئێران "وشکترین پاییزی 50 ساڵی رابردوو" بەسەر دەبات و نیوەی پارێزگاکان چەندین مانگە دڵۆپە بارانیان بەخۆوە نەبینیوە.
 
ئەم دۆخە بووەتە هۆی دابەزینێکی پێوانەیی لە ئاستی ئاوی بەنداوەکاندا. تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، قەبارەی ئاوی بەردەست لە بەنداوە سەرەکییەکاندا 25٪ کەمتر بووە لە ساڵی پار. چوار بەنداوی سەرەکی کە ئاو بۆ تارانی پایتەخت دابین دەکەن، مەترسیی وشکبوونی تەواوەتییان لەسەرە و 19 بەنداوی سەرەکی لەسەر ئاستی وڵات بە کردەوە وشکبوون. دۆخی دەریاچەی ورمێش کە گەورەترین دەریاچەی ئێرانە، لەوپەڕی مەترسیدایە و بەشێکی زۆری وشکی کردووە.
 
لەوەڵامی ئەم قەیرانەدا، دەسەڵاتداران دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی "پیتاندنی هەور" کردووە، ئەو تەکنیکە بریتییە لە پرژاندنی ماددەی کیمیایی بەنێو هەورەکاندا بۆ هاندانی بارانبارین. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ و لوڕستانی گرتووەتەوە.
 
شارەزایەک: کێشەی ئێران زێدەڕۆییە لە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی
 
د. موختار هاشمی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، لە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند :" کێشەی سەرەکیی ئێران تەنیا کەمبوونەوەی باران نییە، ئەو دەڵێت: "بەڕاستی ئەو کێشەیەی ئێستا هەمانە لە ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی. واتە بەشێوەیەکی زیاد، ئاوی ژێرزەوی بەکاردەهینین و زێدەڕۆیی تێدا دەکەین."
 
د. موختار هاشمی، زیاتر لە بیست ساڵە لەسەر پلانی گشتگیری ئاوی ئێران کار دەکات، دەڵێت، "ئێران لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە، بەهۆی هێنانی تەکنەلۆجیای نوێی لێدانی بیرەوە، بە شێوەیەکی فراوان پشتی بە ئاوی ژێرزەوی بەستووە. 60٪ی ئەو ئاوەی لە وڵاتەکە بەکاردەهێنرێت، ئاوی ژێرزەوییە، بۆ نموونە لە تاران سێ بەنداوی هەیە، بەڵام 15 هەزار بیریشی هەیە کە ئاوی لێ رادەکێشرێت."
 
ژمارەیەکی زۆر بیری "بێ مۆڵەت" لە سەرتاسەری ئێراندا بە هۆکار دەزانێ بۆ ئەو دۆخە و دەڵێت، "تەنیا لە پارێزگای ورمێ 25 هەزار بیری لەو جۆرە هەن. ئەم زێدەڕۆییە بووەتە هۆی داکشانی زەوی لە شارە گەورەکانی وەکو تاران و ئەسفەهان."
 
هاشمی رەخنەی هەیە لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران و دەڵێت: "چارەسەری ئەمە ئەوەیە دەستوەردان لە کاری شارەزایان نەکرێت، بەڕاستی ئێستا لە ئێران بەرنامەڕێژییەکان و پلانەکان هەمووی لەسەر بنەمای واقیعی ئاوی ئێران نییە، ئەمە کێشەی سەرەکیی ئێمەیە."
 
پێشنیاز دەکات پێگەی ئاو و ژینگە لە "بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران" ئێراندا بەرزبکرێتەوە و بکرێتە لەپێشینە، چونکە کێشەکە تەنیا پەیوەست نییە بە بارانبارینەوە، بەڵکو پەیوەستە بە سیاسەتی دروستکردنی بەنداوی زۆر (کە ئێران لە پلەی سێیەمی جیهاندایە)، پیسبوونی ئاوی رووبارەکان و نەبوونی سیستمی پێشکەوتووی ریسایکلینکردنی ئاو.
 
لەبارەی هەنگاوی ئێران، بۆ پەنابەردنە بەر بارانی دەستکرد، د. موختار هاشمی، روونیکردەوە "ئەمە هەنگاوێکی بێ سوودە، لە شوێنی دیکە تاقیکراوەتەوە، سوودی نەبووە، لە ئێرانیش سوودی نابێت".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران.

وەزارەتی ناوخۆی ئێران: 1.6 ملیۆن پەنابەری ئەفغانستانی دیپۆرت کراونەتەوە

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێ، 1 ملیۆن و 600 هەزار پەنابەریان دیپۆرتی ئەفغانستان کردووەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکەن نزیکەی نیو ملیۆنیان دووبارە گەڕابنەوە ئێران؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی پێنج ملیۆن پەنابەری ئەفغانستانی لە ئێران دەژین.