پزیشکیان: دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتییانە نابین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نییە و بۆ سەلماندنیشی ئامادەی هاوکارییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتییانە نابین."
 
مەسعود پزیشکیان لە هەڤپەیڤینێکدا باسی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکای کرد و گوتی: "بە چ زمانێک بڵێین کە ئێمە بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نین و ناشبین. بۆ هەر چەشنە پشتڕاستکردنەوەیەکیش ئامادەین. ئەمانە ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێ ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئامادەین بۆ هەر چەشنە پشتڕاستکردنەوەیەک کە بیانەوێ."
 
پزیشکیان ئاماژە بە فەتوای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ قەدەخەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی کرد و گوتی: "چەندین جار رامانگەیاندووە، سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە بە پێی فەتوای رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، بە هیچ شێوەیەک بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێین."
 
سەرۆککۆماری ئێران باس لەوە دەکات، هەبوونی بەرنامەی ئەتۆمی و پیشەسازیی ئەتۆمی مافی ئێرانە و دەڵێت، "دەستبەرداری پیشەسازیی ئەتۆمیی ئاشتیانە بۆ مەبەستی پزیشکی، کشتوكاڵی و پیشەسازی و هتد نابین. پیشەسازیی ئەتۆمیی ئاشتیانە بۆ جەنگ نییە، بۆ بەڕێوەبردن و پێشکەوتنی وڵاتە."
 
قسەکانی پزیشکیان لە کاتێکدان، رۆژی سێشەممە 17ی شوباتی 2026 گەڕی دووەمی دانوستاندنە نوێیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە شاری جنێڤی سویسرا بەڕێوەچوو.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکان لە جنێڤ رایگەیاند، لەگەڵ شاندی ئەمریکا لەسەر "کۆمەڵێک بنەما" رێککەوتوون کە لەوانەیە زەوینە بۆ رێککەوتنێکی فراوان خۆشبکەن. عێراقچی ئەم گەڕەی دانوستاندنی بە "بنیاتنەرترانە" لە گەڕەکەی عومان ناوبرد.
 
گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان، رۆژی 6ی ئەم مانگە لە مەسقەت پایتەختی عومان بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای ئەوەی گفتوگۆکانی ساڵی رابردوو بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی حوزەیراندا پەکخران، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی 12 رۆژە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەمترین مووچە دەبێتە 18 ملیۆن تمەن

پەرلەمانی ئێران مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی زیاد کرد

پەرلەمانی ئێران بڕیاری لەسەر زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ساڵی نوێی دارایی دا؛ بەگوێرەی بڕیارەکە کەمترین مووچەی فەرمانبەران دەبێتە 18.7 ملیۆن تمەن.