سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ رووداو: سوپاسی نێچیرڤان بارزانیم کرد لە بەرامبەر ئاسانکاریکردن بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانیمان

18-05-2025
ناسر پیرۆتی
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە رووداوی گوت، پەیوەندییەکی هاوڕێیەتی دێرینی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 18-5-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە. 
 
دوای کۆبوونەوەکە محەممەد باقر قالیباف بە بەختیار قادر، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەمێژە" لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوڕێیە. 
 
محەممەد باقر قالیباف ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا باسی زۆر بابەتیان کردووە، وەک "ئەو هاوکاریانەی لە بواری سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کولتووریدا هەمانە". 
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتیشی، سوپاسی نێچیرڤان بارزانی کردووە لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ "هاوکاری و ئاسانکاریکردنی بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک بەندکراوی ئێمە کە لەوێ بوون". 
 
نێچیرڤان بارزانی دوێنێ شەممە 17-5-2025 بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە تاران. 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران 
 
رووداو: بەڕێز بارزانی هەرکات دێتە تاران، سەردانی ئێوەش دەکات. هۆکارەکەی چییە؟
 
محەممەد باقر قالیباف: چونکە زۆر لەمێژە هاوڕێین. ئەمڕۆ بە خۆشیانم گوت. ئێمە وەک دوو هاوڕێ یەکدی دەبینین. ئەمڕۆش وەکو سەرۆکی هەرێم و ئەو هاوکارییانەی لە بواری سیاسی و ئابووری و ئەمنی و باسە کولتوورییەکاندا هەمانە، یەکدیمان بینی. پێم وایە یەکێک لە کۆبوونەوە زۆر باشەکان بوو و ئەو هاوڕێیەتی و برایەتی و هاوکارییە لەو پەڕی خۆیدایە.
 
رووداو: لە کۆبوونەوەکەتاندا باسی چ مژارێکتان کرد؟
 
محەممەد باقر قالیباف: بابەتی هاوکارییەکان بەتایبەت لە بواری ئابووری، تاوەکو بتوانین زیاتر پەرەی پێبدەین. بابەتێکی دیکەش جەختکردنەوە بوو لەسەر ئەوەی، ئەو کەسانەی نائەمنی دروست دەکەن، لە هیچ شوێنێک لە دوو دیوی سنوور نەبن تاوەکو نەتوانن ئاسایشی دوو وڵاتی دراوسێ تێکبدەن. هەروەها سوپاسی بەڕێزیانم کرد بۆ هاوکاری و ئاسانکاریکردنی بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک بەندکراوی ئێمە کە لەوێ بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە