ئێران
ئاگرکوژێنەرەوەیەک بانگی هاوکارەکانی دەکات لە شوێنی تەقینەوەیەک لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە باکووری تاران، ئێران، رۆژی هەینی، 13ی حوزەیرانی 2025.
رووداو دیجیتاڵ
ئێران دۆزینەوەی تەرمی چوار کوژراوی جەنگە 12رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند و زۆربەی بریندارەکانی جەنگەکەش نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی ئابی 2025، ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران رایگەیاند، تەرمی چوار کەس لە کوژراوانی جەنگە 12 رۆژییەکە کە تائێستا بێسەروشوێن بوون، دۆزرانەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە ناسنامەی دوو لەو کەسانە بە ناوەکانی پاشاپوور و سەید رەزایی ئاشکرا بووە، بەڵام ناسنامەی دوو کەسەکەی دیکە دیار نییە.
لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە 13ی حوزەیران دەستیپێکرد و 12 رۆژ بەردەوام بوو، هەزار و 64 کەس لە ئێران کوژراون (940 پیاو و 124 ژن).
بە گوێرەی ئاژانسەکەی پاسداران، لەوانەی کوژران 787یان کەسانی سەربازی و 277ـەکەی دیکەش سڤیل بوون. هەروەها پێنج هەزار و 800 کەس بریندار بوون و لەو ژمارەیە 20 کەسیان تاوەکو ئێستا لە نەخۆشخانەن و 5 کەسیان لە ژێر چاودیری چڕی پزیشکیدان.
13ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی کردە سەر پێگە سەربازی و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئیسرائیل بەتایبەتی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێرانی کردە ئامانج و ژمارەیەک فەرماندەی باڵا و زانای ئەتۆمیی ئەو وڵاتەش لە هێرشەکاندا کوژران.
لە 22ـی حوزەیرانیش، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هەرسێ دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان بۆردوومان کرد و سێ رۆژ دواتر و لە 25-6-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ