ئێران: ماوەی کارکردن بە بڕیارنامەی 2231 کۆتایی هات و پێویستە هەموو سنووردارییەکانی سەر پڕۆگرامی ئەتۆمی لابدرێن

18-10-2025
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دوای 10 ساڵ، ماوەی کارکردن بە بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کۆتایی دێت. وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای هەڵگرتنی هەموو سنووردارییەکانی سەر پڕۆگرامەکەی دەکات.
 
رۆژی شەممە، 18-10-2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی ماوەی کارکردن بە بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کرد و رایگەیاند: "لەگەڵ کۆتایی ئەم 10 ساڵەدا ئیدی هەموو بڕگەکانی بڕیارنامەکە، لەوانەش سنووردارکردنی پێشبینیکراو بۆ پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و میکانیزمە پەیوەندیدارەکان، لەمڕۆوە بە کۆتاییهاتوو دادەنرێن."
 
وەزارەتەکە جەخت لەسەر هەڵوێستی ئێران لەبارەی کاراکردنی میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان دەکات و دەڵێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەنگاوی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ کاراکردنی میکانیزمی سناپ باک و گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان، هەروەها پێکهێنانی لیژنەی سزاکان و گرووپی پسپۆڕان بە نایاسایی دەزانێت.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نووسیویەتی، بڕیارنامەی 2231 هیچ رێگەپێدانێک یان دەسەڵاتێک ناداتە سکرتێری گشتی یان سکرتارییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داننان، راگەیاندن، دووبارە جێبەجێکردن یان گەڕاندنەوەی ئەو بڕیارنامانەی کە بە پێی بڕگەی 8ی کارپێکردن کۆتاییان هاتووە، هەنگاو بنێن.
 
عێراقچی دەڵێ: "هەر بانگەشەیەک بۆ زیندووکردنەوە یان گەڕاندنەوەی بڕیارنامە کۆتاییهاتووەکان هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و توانای دروستکردنی کاریگەرییەکی پابەندکەری نییە."
 
هاوکات کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، ئێران، رووسیا و چین نامەیەکی هاوبەش بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنێرن و جەخت لەسەر کۆتاییهاتنی ماوەی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەنەوە.
 
بە گوتەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، تاران بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاراکردنی میکانیزمی سناپ باک و سەپاندنەوەی سزاکان بەسەریدا لە لایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە هیچ هێزێکی یاسایییان نییە و هیچ وڵاتێک ناچار نییە پابەندی جێبەجێکردنیان بێت.
 
غەریبئابادی گوتی، لەگەڵ کۆتاییهاتنی بڕیارنامەی 2231، پرسی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیشدا گۆڕانی بەسەردا دێت و لەمەودوا چیدیکە بەڕێوبەری گشتیی ئاژانس پێویست ناکات لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی راپۆرت پێشکێش بکات.
 
 دوای ئەوەی ئێران و سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکە نەگەیشتنە رێککەوتن، لە 28ی ئەیلوولی 2025 میکانیزمی سناپ باک لە دژی تاران کارا کرایەوە و سزای بەرفراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەریدا سەپێنرانەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.