رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای کۆهگیلۆیە و بۆیەرئەحمەد لە باشووری رۆژئاوای ئێران روویدا. فەرمانگەکانی حکومەت بە تایبەت تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتن کەوتوونەتە دۆخی ئامادەییەوە.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران رایگەیاند، کاژێر 05:50 خولەک بەرەبەیانی ئەمڕۆ (6:20 خولەک بە کاتی هەولێر)، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر لە پارێزگاری کۆهگیلۆیە و بۆیەرئەحمەد روویداوە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی هەشت کیلۆمەتری زەوی روویداوە و ناوەندەکەی شاری دووگۆنبەدان لە سنووری قەزای گەچساران بووە.
بوومەلەرزەکە لە پارێزگاکانی فارس و بوشێهریش هەستی پێکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، فەرمانگەکانی حکومەت لە پارێزگای کۆهگیلۆیە و بۆیەرئەحمەد، بە تایبەت تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتن کەوتوونەتە دۆخی ئامادەییەوە.
عەلیڕەزا نیکروز، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کۆهگیلۆیە و بۆیەرئەحمەد رایگەیاند، چەندین تیمی پشکنین و فریاکەوتنیان بۆ شوێنی بوومەلەرزەکە ناردووە بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەکان دەستنیشان بکەن و لە کاتی پێویستدا یارمەتیی پێشکێشی هاووڵاتییان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ