رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانێکی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، محەممەد کەرەمی کرایە فەرماندەی نوێی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران و دەستخۆشی لە فەرماندەی پێشوو کرا.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، بە فەرمانێک محەممەد کەرەمی وەک فەرماندەی نوێی هێزی وشکانیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەستنیشانکرد.
عەلی خامنەیی لەبارەی محەممەد کەرەمی دەڵێت: "لەسەر پێشنیازی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و بە لەبەرچاوگرتنی لێهاتوویی و ئەزموونە بەنرخەکانتان، ئێوە وەک فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دادەنێم."
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەرک و چاوەڕوانییەکانی خۆی لە فەرماندە نوێیەکە خستووەتەڕوو و دەڵێت، پێویستە کاربکات بۆ "بەرزکردنەوەی توانای هەمەلایەنە و ئامادەیی بەردەوام لە هەموو بوارەکان".
عەلی خامنەیی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەردار پاکپوور، فەرماندەی پێشووی هێزەکە کردووە و رایگەیاندووە: "سوپاس و پێزانینم بۆ خزمەتە بەنرخ و کاریگەرەکانی سەردار پاکپوور هەیە لە ماوەی فەرماندەییکردنی لە هێزی وشکانیی سوپای پاسداران."
دەقی فەرمانەکە:
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بۆ بەڕێز محەممەد کەرەمی
لەسەر پێشنیازی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و بە لەبەرچاوگرتنی لێهاتوویی و ئەزموونە پڕبایەخەکانتان، بەڕێزتان بە فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دادەمەزرێنم.
چاوەڕوان دەکرێ توانایی و لێهاتوویی هەمەلایەنە و ئامادەباشیی ڕۆژبەڕۆژ لە هەموو بەشەکاندا پەرەیان پێ بدرێت، هەروەها بناخەی خواناسی و بەرچاوڕوونیی کارمەندان باشتر بکرێت و، بە سوودوەرگرتن لە پایەیەکی مەعنەویی پتەو، هەنگاو بنرێت بەرەو پێگەیاندنی هێزێک کە شایستەی شۆڕشی ئیسلامی بێت.
سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆم ئاراستەی خزمەتە بەنرخ و کاریگەرەکانی سەردار پاکپوور دەکەم لە ماوەی فەرماندەییکردنی لە هێزی وشکانیی سوپای پاسداران.
سەرکەوتنی ئێوە و هاوکارەکانتان لە خوای مەزن داواکارم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ