رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، پرسی توانای مووشەکی و بەرگریی وڵاتەکەی "هەرگیز" ناخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەوەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتوویەتی، کەشتیگەلێکی مەزن بە ئاراستەی ئێران دەجووڵێ.
رۆژی هەینی 30-01-2026 عێراقچی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ تورکیا و بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەی ئاماژەی بەوە کرد، تاران بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ ئامادەیە، ئەگەر لەسەر بنەمای یەکسانی و بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزی دوولایەنە بێت، بەڵام گوتیشی: "دەمەوێ بە رژدی رایبگەیەنم کە توانای بەرگری و مووشەکیی ئێران هەرگیز نابنە بابەتی گفتوگۆ؛" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ پلانێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی لە ئارادا نییە.
ئەم هەڵوێستەی ئێران دوای ئەوە دێت، ترەمپ شەوی پێنجشەممە رایگەیاند، هیوا دەخوازێ لە هەر کردەیەکی سەربازی دوور بکەوێتەوە و ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تاران لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمیی نوێ.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە "گرنگە" و هۆشداری دا کە ئیسرائیل گوشار لە واشنتن دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانی راگەیاند، تورکیا ئامادەیە رۆڵی نێوەندگیر لەنێوان تاران و واشنتن بگێڕێ. پزیشکیانیش لە پەیوەندییەکی دیکەدا لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات گوتی، تاران هەرگیز بەدوای شەڕدا نەگەڕاوە، بەڵام هەر دەستدرێژییەک بکرێتە سەر وڵاتەکەی، بە تووندی وەڵام دەدرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ