رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رایگەیاند، سەرەڕای گرژییەکان هێشتا دەرفەت بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێران ماوە و دەکرێت رێگە لە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە بگیرێت. گوتەبێژی کرێملین هۆشداریش دەدات کە بەکارهێنانی هێز دەرەنجامی "زۆر مەترسیدار"ـی دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە 29-01-2026، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران رایگەیاند: "روونە کە توانای دانوستاندنەکان هێشتا کۆتایی نەهاتووە."
پێسکۆڤ داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد "دان بەخۆیاندا بگرن" و خۆیان لە هەر هەنگاوێک بەدوور بگرن، کە ببێتە هۆی زیاترکردنی گرژییەکان. گوتەبێژەکەی کرێملین گوتی: "هەر جۆرە بەکارهێنانێکی هێز، تەنیا دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێویی زیاتر لە ناوچەکە و دەرەنجامی زۆر مەترسیداری لێدەکەوێتەوە."
لێدوانەکەی مۆسکۆ دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران کردووە و رایگەیاندووە، وڵاتەکەی "ئامادە و بەتوانایە" بۆ ئەوەی "ئەگەر پێویست بکات" هێرش بکاتە سەر ئێران.
هەفتەی رابردووش ترەمپ جووڵاندنی هێزێکی دەریایی گەورەی بەرەو ئاوەکانی نزیک لە ئێران راگەیاند و گوتی: "لە نزیکەوە چاودێریی هەنگاوەکانی ئێران دەکەین، رەنگە ناچار نەبین ئەو هێزە بەکاربهێنین، بەڵام دەبینین چی روودەدات."
لە بەرامبەر هەڕەشەکانی واشنتن، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامێکی تووندی دایەوە و رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان "پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەیە" و ئامادەن بۆ "وەڵامدانەوەیەکی بەهێز و توند"ـی هەر هێرشێکی ئەمریکا.
گرژییەکان لە کاتێکدان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رەخنەی تووند لە تاران دەگرن و ئاماژە بەوە دەکەن، سەرکوتکردنی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، بووەتە هۆی کوژرانی "هەزاران هاووڵاتی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ