رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی رێوڕەسمی هاوژینیی کچی عەلی شەمخانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
دوای ساڵ و نیوێک لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی پێکهێنانی هاوژینیی فاتمە (ستایش) شەمخانی، کچی عەلی شەمخانی، راوێژکاری سیاسیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەنگدانەوەی زۆری هەبووە، بەهۆی شێوازی جلوبەرگی کچەکەی شەمخانی و بەشداربووانی رێوڕەسمەکە.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوبووەتەوە، کچەکەی شەمخانی و بەشێک لە ژنانی بەشداری رێوڕەسمەکە سەریان رووتە و جلوبەرگی کراوەیان لەبەردایە. عەلی شەمخانی دەستی کچەکەی گرتووە و دەیباتە نێو رێوڕەسمەکە.
ئەو ڤیدیۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە و رەخنەگران دەڵێن، بەرپرسانی باڵای ئێران ژیانێکی جیاوازیان بۆ خۆیان و کەسوکاریان دابین کردووە و پابەندی ئەو رێنمایی و بڕیارانە نابن کە لەبارەی شێوازی جلوبەرگ بەسەر خەڵکیدا دەیانسەپێنن.
رێوڕەسمی هاوژینی ستایش شەمخانی لەگەڵ بازرگانێکی عەرەب لە 19-04-2024 لە هۆتێل سپیناس پاڵاسی تاران بەڕێوەچوو کە یەکێکە لە گرانترین هۆتێلەکانی ئێران و قسەی جیاوازیش لەبارەی تێچووی رێوڕەسمەکە دەکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ