ئێران: ئەو سیستمە بەرگرییانەمان گۆڕیوە کە لە شەڕی ئیسرائیلدا زیانیان بەرکەوتبوو

20-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای فەرمیی ئێران، لە زاری بەرپرسێکی سەربازییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئێران ئەو سیستمانەی بەرگریی ئاسمانی گۆڕیوە کە بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە لە مانگی حوزەیراندا زیانیان بەرکەوتبوو.
 
13ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی کردە سەر پێگە سەربازی و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. 
 
لەو شەڕەدا کە 12 رۆژی خایاند، ئیسرائیل بە تایبەتی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کردە ئامانج و تێیدا بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەو زانایانەی لەسەر پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کاریان دەکرد، کوژران.
 
ئاژانسی ئیرنا لە زاری مەحموود مووسەوی، جێگری بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئێرانەوە رایگەیاند: "دوژمنی زایۆنی هەوڵیدا تواناکانی بەرگریی ئێران لەنێوببات و هەندێک لە سیستمە بەرگرییەکانمان لەم شەڕەدا زیانیان بەرکەوت، بەڵام بە هەوڵی هێزە چەکدارەکانمان، سیستمە زیانبەرکەوتووەکان گۆڕدران بە سیستمی نوێ و لە شوێنە پێشتر دیاریکراوەکاندا جێگیرکران".
 
ئەو بەرپرسە جۆری کەرەستەکان و کاتی گۆڕینەکەیانی دیاری نەکرد.
 
سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران سیستمەکانی وەک باوەڕ-373 و خورداد-15 لەخۆدەگرێت، کە بەرهەمی نێوخۆیین و بۆ رووبەڕووبوونەوەی مووشەک و فڕۆکە دروست کراون.
 
دوای واژۆکردنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ی ڤییەننا لەگەڵ فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، چین، رووسیا و ئەمریکا، ئێران لە ساڵی 2016سیستمی ئێس-300ی رووسیی وەرگرت. 
 
دوای 12 رۆژ لە شەڕ کە تێیدا ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆن وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە، لە 24ی حوزەیران ئاگربەستێک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی خۆجێیی، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس لە ئێران، لە کاتێکدا حکومەتی ئیسرائیل کوژرانی لانیکەم 28 کەسی لە وڵاتەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.
 
لە 22ی حوزەیران، ئەمریکا بۆردوومانی دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ژێرزەوی لە فۆردۆ لە باشووری تاران و دوو دامەزراوەی دیکەی ئەتۆمی لە ئەسفەهان و نەتەنز کرد.
 
هێشتا قەبارەی راستەقینەی ئەو زیانانەی بەهۆی بۆردوومانەکەوە بەر ئەو شوێنانە کەوتوون، نەزانراوە.
 
پێش ئەوەی ئیسرائیل شەڕەکەی دەستپێبکات، ئێران و ئەمریکا لە مانگی نیسانەوە بە نێوەندگیریی عومان پێنج گەڕی دانوستاندنی ئەتۆمییان کردبوو. لەو کاتەوە گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن راگیراون. ئیسرائیل دوو رۆژ پێش وادەی دیاریکراو بۆ گەڕی شەشەمی گفتوگۆکان، هێرشەکەی دەستپێکرد.
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ئەڵمانی، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا بەنیازن ئەم هەفتەیە گفتوگۆی نوێ لەگەڵ ئێران بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە