رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئێران دەڵێت، بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەشداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئابی 2025 عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند، "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە جەنگە 12 رۆژییەکەدا پشتیان بە سەرچاوەی دەرەکی نەبەست، هەرچی لە جەنگەکەدا بەکارهات لەلایەن پیشەسازییەکانی بەرگریی خۆمانەوە بەرهەم هێندرابوو."
وەزیری بەرگریی ئێران گوتیشی، "ئەو مووشەکانەی لە جەنگە 12 رۆژییەکەدا بەکارهێندران، پێشتر دروستکرابوون. ئێستا مووشەکی نوێمان هەیە کە باشترن و ئەگەر دووژمن هەڵەیەکی دیکە بکات، بە دڵنیاییەوە لەو مووشەکانە کەڵک وەردەگرین."
نەسیرزادە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەکەوە لە پشتیوانییەکی بەرفراوانی سیاسی، هەواڵگری، سەربازی و چەک لەلایەن ئەمریکاوە بەهرەمەند بوو و دواتریش ئەمریکا راستەوخۆ بەشداریی لەو هێرشانەدا کرد. ئێمە بە تەواوی ئاگادارین کە جگە لە ئەمریکا، بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوایی و ناوچەیی بە شێوەیەکی چالاکانە لە هێرشەکانی دژی ئێران بەشدارییان کرد."
13ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر پێگە سەربازی و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. هەمان رۆژ ئێرانیش بە مووشەک و درۆن وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە.
22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هەرسێ دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی بۆردوومان کرد و سێ رۆژ دواتر سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ