ئێران
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ سەردانی ئێران دەکات و لەگەڵ عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، سەردانی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەسەر بانگهێشتی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانە و ئەمڕۆ دەگاتە تاران.
بە پێی میدیای ئێران، لە کۆبوونەوەی نێوان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و بەرپرسانی ئێراندا تیشک دەخرێتە سەر پتەوکردنی هاوکارییە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان بۆ بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات.
هەروەها لایەنەکان باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرسە سنوورییەکان دەکەن.
لە 11-08-2025، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە.
لەو سەردانەدا ئێران و عێراق یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی ئەمنییان واژۆ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ