رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە گوایە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی داوای رێگەیەکی ئارامی بۆ سەردانەکەی دوێنێی بۆ جنێڤ کردبێت و دەڵێت، ئەو هەواڵە بەشێکە لەو جەنگە دەروونییەی ئیسرائیل و ئەمریکا دەیکەن.
لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس محەممەد حوسێن رەنجبەران، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران نووسیویەتی، هەواڵەکە لەلایەن رۆژنامەڤانێکی ئیسرائیلییەوە بڵاوکراوەتەوە و میدیای ئیسرائیلیش بڵاویکردووەتەوە، گوایە عەباس عێراقچی بۆ سەردانەکەی لە تارانەوە بۆ جنێڤ، داوای رێگەیەکی ئارامی کردووە.
ئەو بەرپرسە دەڵێت، ئەو هەواڵە بەشێکە لە جەنگی دەروونیی ئیسرائیل-ئەمریکا. ئاماژە بەوەش دەکات، بەرپرسانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ روونکردنەوەی هەڵوێستی رەوای ئێران و "بەرگریکردن لە وڵات، بە ئازایەتییەوە کار دەکەن و پێویستیان بە وەرگرتنی مۆڵەت لە هیچ لایەنێکی سێیەم نییە."
رەنجبەران باس لەوەش دەکات، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەکاتی بۆردوومانی چڕی ئیسرائیلدا بۆسەر لوبنان و سووریا، سەردانی هەردوو وڵاتی کرد.
سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، عەباس عێراقچی سەردانی سووریا و لوبنانی کرد، ئەوەش کاتێک ئەو دوو وڵاتە لەلایەن ئیسرائیلەوە رۆژانە بۆردوومان دەکران.
ئەم نووسینەی رەنجبەران لە کاتێکدایە، دوێنێ ژمارەیەک رۆژنامەڤان و پەیج و کەناڵ بڵاویانکردەوە کە عەباس عێراقچی بۆ سەردانکردنی جنێڤ بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ هاوشانە بەریتانی، فەرەنسی و ئەڵمانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل هاوئاهەنگی کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران چووە جنێڤ بەمەبەستی کۆبوونەوە لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ