وەزیری دەرەوەی ئێران: سێ وڵاتە ئەورووپییەکە مافیان نییە باسی کاراکردنی میکانیزمی سناپ بەک بکەن

21-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەندامانی ئەنجوومەن و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی هەڕەشەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ کاراکردنی میکانیزمی سناپ بەک هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە مافیان نییە و نابێت رێگەیان پێبدرێت بە خراپ بەکارهێنانی بڕیارنامەیەک کە خۆیان پێیەوە پابەند نەبوون، متمانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی UN بخەنە ژێر پرسیارەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 20ی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە جیا نامەی بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ناردووە و تێیدا ناڕەزایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە بەرامبەر هەڕەشەی بەرپرسانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بریتانیا بۆ کاراکردنی میکانیزمی سناپ بەک و گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران دەربڕیوە.
 
لە نامەکەدا هاتووە، "سێ وڵاتە ئەورووپییەکە لە رێگەی کردەوە و لێدوانەکانیان – لەوانەش پشتیوانی سیاسی و مادییان بۆ دەستدرێژییە سەربازییە نایاسایی و ناڕەواکانی ئەم دواییەی رژێمی ئیسرائیل و ئەمریکا؛ پێشێلکردنی بنمە بنەرەتییەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی، خەمساردیی بەردەوام و درێژماوە لە جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانیان، بە شێوەیەکی پراکتیکی پێگەی خۆیان وەکو بەشداربوو لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەدەستداوە. بۆیە هەر هەوڵێک لە لایەن ئەوانەوە بۆ زیندووکردنەوەی بڕیارنامە هەڵوەشاوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، رەوایەتییان نییە و لەڕووی یاساییەوە پووچەڵە."
 
سەبارەت بە ناردنی نامەکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "لە نامەکەدا هۆکارەکانی خۆمم روونکردەوە کە بۆچی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە هیچ رەواتییەکی یاسایی، سیاسی و ئەخلاقییان نییە بۆ چالاککردنی میکانیزمەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی و بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایش کە لە ساڵی 2015 پەسند کرا."
 
لە نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئێراندا باس لەوە کراوە، دوای كشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، ئێران لە کاردانەوەدا و بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، هەموو ئەو میکانیزمانەی بەکارهێنا کە لە رێککەوتنەکەدا ئاماژەیان پێکراوە و دواتر بە پێی بەندی 36ی رێککەوتنەکە قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی بۆ کەمکردنەوەی پابەندییەکانی دەستپێکرد.
 
هەروەها تێیدا هاتووە، "ئێران هەوڵی زۆری دا بۆ رازیکردنی لایەنەکانی دیکەی رێککەوتنەکە بۆ گەڕانەوە بۆ بەڵێنەکانیان و جێبەجێکردنی پابەندییەکانیان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەر سێ وڵاتی ئەورووۆی نەک هەر پابەند نەبوون بە بەڵێنەکانیانەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەوپەری گوشاری ئەمریکادا کرد و بەم دواییانەش لە دەستدرێژیی سەربازی دژی گەلەکەمان رۆلیان هەبووە."
 
عێراقچی لە نامەکەیدا دەشڵێت، "ئەو ئەکتەرانەی کە پێشینەیەکی لەو شێوەیەیان هەیە، هەرگیز ناتوانن بانگەشەی نیازپاکی بکەن. ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە ناتوانن و نابێ رێگەیان پێبدرێت بە خراپ بەکارهێنانی بڕیارنامەیەک کە خۆیان پێیەوە پابەند نەبوون، متمانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بخەنە ژێر پرسیارەوە. پێویستە هەمان ئەو ئامۆژگارییە پەیڕەو بکەن کە لە نامەکەیاندا لە 20ی ئابی 2020دا بە ئەمریکایان داوە: "ئەوەی لە پێویستە خۆیان لە هەر کارێک کە دابەشبوونەکانی ناو ئەنجومەنی ئاسایش قووڵتر بکاتەوە یان کاریگەری نەرێنیی جیدی لەسەر کارکردنی هەبێت، دوور بگرن."
 
لە کۆتایی نامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بە ئامادەیی تاران بۆ دوو بژاردەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و گرتنەبەری رێگەی دیپلۆماسی دەکات و دەڵێت: "ئێران پێشانی داوە کە توانای رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەکی بەربەریانە یان وەک خۆیان دەڵێن کاری قێزەونی لە ئەنجامی وەهمەوە هەیە، بەڵام هەمیشە ئامادەش بووە وەڵامی دیپلۆماسییەتێکی مانادار بداتەوە کە لەسەر بنەمای نیازپاکییە."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاژانسەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، هەفتەی داهاتوو ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپی (فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا) لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران کۆدەبنەوە.
 
بەپێی ئاژانسی تەسنیمی ئێران، "رێککەوتن لەسەر بنەمای دانوستاندنەکان  کراوە، بەڵام گفتوگۆکان سەبارەت بە کات و شوێنی دانوستاندنەکان بەردەوامن و ئەو وڵاتەش کە هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکانی تێدا دەکرێت، یەکلایی نەبووەتەوە."
 
بڕیارە ئەم دانوستاندنە لەسەر ئاستی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و جێگری وەزیرانی سێ وڵاتی ئەورووپی بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە