ئێران: وڵاتانی رۆژئاوا بەدوای گرژیی زیاترەوەن

21-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای دەرچوونی بڕیارنامەیەکی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی رایگەیاند، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا "رێگەی گرژیی زیاتریان" گرتووەتەبەر.
 
بڕیارنامەکە رۆژی پێنجشەممە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) پەسند کرا و داوا لە تاران دەکات، "هاوئاهەنگیی تەواو و خێرا" پێشکێش بکات، کە رێگەدان بە چوونەژوورەوە بۆ بنکە هەستیارە ئەتۆمییەکانیش لەخۆدەگرێت.
 
عێراقچی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و ئەمریکا بەدوای گرژیی زیاترەوەن. ئەوان زۆر باش دەزانن هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی رێککەوتنی قاهیرە ئەنجامی راستەوخۆی هەنگاوە دنەدەرەکانی خۆیانە."
 
رێککەوتنی قاهیرە لە مانگی ئەیلوول لەنێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم واژۆکرا بۆ دانانی چوارچێوەیەک بۆ هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردن، بەڵام مانگی رابردوو لەلایەن تارانەوە بە پووچەڵ دانرا، دوای ئەوەی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە ناسراو بە E3 میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کارا کردەوە کە بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون.
 
دوای دەرچوونی بڕیارنامە نوێیەکە، ئێران نامەیەکی فەرمیی ئاراستەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد و رایگەیاند، رێککەوتنی قاهیرە "پووچەڵ و بێبایەخە."
 
ئامانج لە رێککەوتنەکە لابردنی ئەو بەربەستانە بوو کە ئێران لەدوای جەنگی دوازدە رۆژەی مانگی حوزەیران لەگەڵ ئیسرائیل، لەبەردەم پشکنەرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دایناون. 
 
لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران کە بووەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هەردوو وڵات و ئەمریکاش بۆ ماوەیەکی کورت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران بەشداربوو.
 
جەنگەکە دانوستاندنە ئەتۆمییە باڵاکانی نێوان تاران و واشنتنی پەکخست کە لە مانگی نیسان دەستیان پێکردبوو و تێیدا هەردوولا لەسەر مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ناکۆک بوون؛ مافێک کە تاران بە "رەوا" دایدەنێت.
 
عێراقچی لە پۆستەکەیدا دەڵێت: "هەروەک چۆن دیپلۆماسی لە مانگی حوزەیراندا لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە هێرشی کرایەسەر، ئاواش رێککەوتنی قاهیرە لەلایەن ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەورووپییەکەوە کوژرا."
 
پێشتر ئەو دیپلۆماتە رایگەیاندبوو، رێگەدان بە چوونەژوورەوە بۆ ئەو بنکە ئەتۆمییانەی لە کاتی جەنگەکەدا هێرشیان کراوەتە سەر، پەیوەستە بە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ لەنێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
 
ئەو کاتە گوتیشی، بڕیارنامە نوێیەکەی ئاژانسی ئەتۆمی "پرۆسەی گفتوگۆ و هاوئاهەنگی تێکدەدات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە