ئێران دەڵێت ئامادەیە رێگە بە پشکنینی زیاتری بنکە ئەتۆمییەکانی بدات

22-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە رێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بدات، پشکنینی زیاتر بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی بکات.
 
عەباس عێراقچی، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت، "ئێمە لە سرووشتی ئاشتییانەی بەرنامەی ئەتۆمیمان پشتڕاستین، بۆیە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ پشکنینی زیاتر و شەفافیەتی زیاتردا نییە."
 
وەزیرەکە هەروەها رایگەیاند، "ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمیی ویستبا، ئەوا تائێستا بەدەستیهێنابوو."
 
ئەمەش لە کاتێکدا، بڕیارە سبەی هەینی 23ی ئایار لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، پێنجەم گەڕی گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکە بکرێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی بە ئێران داوە کە ئەگەر بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر.
 
تاران بەردەوام رەتیکردووەتەوە ئامانجی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، گومانی لای رۆژئاواییەکان دروستکردووە.
 
ترەمپ لە خوولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ساڵی 2018، ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان زلهێزەکان و ئێران کشاندەوە کە ساڵی 2015 واژۆیان لەسەر کردبوو. دوای ئەوە، سزای بەسەر تاراندا سەپاندەوە.
 
لەگەڵ گەڕانەوەیشی بۆ کۆشکی سپی، ئەم ساڵ دووبارە سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی لە دژی ئێران پەیڕەو کردەوە.
 
عێراقچی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاماژەی بەوە کرد، "هێشتا ناکۆکی بنچینەیی لە نێوانماندا هەیە،" هۆشداریشیدا کە ئەگەر ئەمریکا بیەوێت رێگەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران بگرێت، ئەوا "ناگەینە رێککەوتن."
 
هەر ئەمڕۆ کۆشکی سپی رایگەیاند، ترەمپ پێیوایە "دانوستاندنەکان بە ئاراستەی دروستدا دەڕۆن."
 
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەمە ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا "باسیان لە رێککەوتنی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئێران کرد، کە سەرۆک پێیوایە بە ئاراستەی دروستدا دەڕوات."
 
لێڤیت گوتی، ترەمپ پێیوایە "کۆتایی ئەم رێککەوتنە لەگەڵ ئێران دەکرێت بە دوو شێوە بێت. دەکرێت کۆتاییەکەی چارەسەرێکی دیپلۆماسیی زۆر ئەرێنی بێت، یانیش دەکرێت کۆتاییەکەی دۆخێکی زۆر نەرێنی بێت بۆ ئێران."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە