ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا: هەموو هێڵە سوورەکانتان بەزاند؛ چاوەڕێی وەڵام بن

22-06-2025
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان "هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە" و "ناپاکیی لە دیپلۆماسی کردووە،" بۆیە ئێستا کاتی گفتوگۆ نییە. عێراقچی ئاشکراشی کرد، ئەمڕۆ سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نائاسایی وڵاتانی ئیسلامی لە ئیستەنبووڵ هێرشی ئەمریکای بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامەی NPT" ناوبرد و گوتی، "ئەم هێرشە گورزێکی کوشندە بوو لە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی، حکومەتی ئەمریکا بەرپرسیارێتیی تەواوی دەرەنجامە مەترسیدارەکانی لەئەستۆ دەگرێت."
 
"کاتی وەڵامدانەوەیە"
 
وەزیری دەرەوەی ئێران بە تووندی رەخنەی لە هەڵوێستی ئەمریکا گرت و رایگەیاند، "لە کاتێکدا لەنێو هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بووین، هێرشمان کرایەسەر. کەواتە ئێران نەبوو کە دیپلۆماسیی بەجێهێشت، بەڵکو ئەمریکا بوو کە ناپاکیی لە دانوستاندنەکان کرد."
 
 
عێراقچی جەختی لەوە کردەوە، ئێستا کاتی گفتوگۆ نییە، "دەرگای دیپلۆماسی هەمیشە دەبێت کراوە بێت، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە ئاسایی نییە. وڵاتی من رووبەڕووی دەستدرێژی بووەتەوە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، مافی بەرگریی رەوامان هەیە، دەبێت وەڵام بدەینەوە. ئەو وەڵامدانەوەیەش تاوەکو کاتێک پێویست بکات بەردەوام دەبێت."
 
لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەوە، عێراقچی گوتی، "هێشتا زانیاریی وردم لەسەر ئاستی زیانەکان نییە، بەڵام لەم کاتەدا ئاستی زیان گرنگ نییە، بەڵکو خودی هێرشەکە گرنگە. ناتوانین لەم بابەتە ببوورین."
 
سەردانی مۆسکۆ و هەوڵەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایش
 
عێراقچی هەنگاوێکی دیپلۆماسیی گرنگی ئاشکرا کرد و گوتی، "ئێوارەی ئەمڕۆ سەردانی مۆسکۆ دەکەم و سبەی راوێژێکی جیددیمان لەگەڵ سەرۆک پووتین دەبێت."
 
 
هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی رووسیا و چین کرد و گوتی، "ئاگادارین کە رووسیا بە هاوکاریی چین لە هەوڵدایە پێشنووسی بڕیارنامەیەک پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایش بکات کە ئامانج لێی رێگریکردنە لە کردەوەی دووژمنکارانە دژی ئێران. ئێمە داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ساز بکات و هێرشەکەی ئەمریکا شەرمەزار بکات."
 
رەخنەی تووند لە گرۆسی و ئەڵمانیا
 
وەزیری دەرەوەی ئێران بە تووندی رەخنەی لە رافایێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گرت و گوتی، "بەداخەوە، سەرۆکی گشتیی ئاژانس لایەنگریی جەنگ و تووندوتیژیی کرد و بە هەڵوێستەکانی چرای سەوزی بۆ وڵاتانی شەڕخواز هەڵکرد."
 
هەروەها رەخنەی لە هەڵوێستی هەندێک وڵاتی رۆژئاوا گرت و گوتی، "پاساوەکانی هەندێک وڵات بۆ ئەم دەستدرێژییە بە تەواوی شەرمهێنەرن. ئەوەی سەرۆکی ئەڵمانیا لەبارەی کردەوەکانی ئیسرائیلەوە گوتوویەتی، نموونەیەکی ئەو رێچکە جێی داخەیە کە کردەوەی وەحشیانەی رژێمی زایۆنی بە 'بەرگری لەخۆکردن' ناودەبەن."
 
 
چارەنووسی گەرووی هورمز
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا، عێراقچی پشتڕاستیکردەوە کە هێشتا پەیام لەنێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە و گوتی، "دانوستاندنەکانی من و ویتکۆف ناڕاستەوخۆ بوون. کاتێک دانوستاندنەکان بەهۆی دەستدرێژیی ئەمریکاوە راگیران، هێشتا لە رێگەی کەناڵی جیاوازەوە پەیامی زۆرمان لە ئەمریکاوە پێدەگات و ئەگەر پێویست بکات وەڵامیان دەدەینەوە."
 
لەبارەی ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزەوە وەزیری دەرەوەی ئێران بەبێ وەڵامێکی روون گوتی، "بژارەی جۆراوجۆرمان لەبەردەستە. ئێمە هەرگیز متمانەمان بە وڵاتانی رۆژئاوا نەبووە و ئێستا بێمتمانەییمان زیاتر بووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە