رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیای ئێران، لە درێژەی جەنگی نێوان تاران و تەلئەڤیڤدا، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە پارێزگای مەرکەزی کارا کراوە و درۆنێکی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج کە دەگوترێت لە جۆری هێرمس-900 بووە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 23-06-2025، میدیای ئێران پشتڕاستی کردەوە، لە ئەنجامی کاراکرانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە پارێزگای مەرکەزی، درۆنێکی ئیسرائیل کراوەتە ئامانج.
وەک میدیاکە دەڵێت، ئەو درۆنە لە جۆری ''هێرمس 900'' بووە و بڕیارە لە چەند کاژێری داهاتوودا وێنەی پاشماوەکەی و ڤیدیۆی کاتی تێکشکاندنی بڵاو بکرێتەوە.
هێرمس یەکێک لە گرنگترین درۆنەکانی تەلئەڤیڤە کە لە لایەن کۆمپانیای ''ئێلبیت سیستم''ـی ئیسرائیلییەوە دروست کراوە. درۆنەکە لە دوو جۆری ''هێرمس 450'' و ''هێرمس 900''ـدا خراونەتەڕوو و توانای کۆکردنەوەی زانیاری و بە ئامانجگرتنیان هەیە.
جەنگی نێوان دوو وڵاتەکە لە 13ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە. ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، بە چەند قۆناخ لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ