دەسەڵاتی دادی ئێران: دوای هێرشی ئیسرائیل 75 کەس لە گیراوانی گرتووخانەی ئێڤین هەڵاتن

22-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گرتووخانەی ئێڤین لە باکووری تاران، 75 کەس لە گیراوانی گرتووخانەکە هەڵاتوون و بەشێکیان دەستگیر کراونەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 22ی تەمموزی 2025، ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، لە رووداوی هێرشکردنە سەر گرتووخانەی ئێڤیندا لە تاران، ژمارەیەک لە گیراوان کە لە کاتی هێرشدا لە حەوشەی گرتووخانەکەدا بوون، لە ترساندا هەڵدێن و لە گرتووخانەکە دەچنە دەرەوە.
 
ئەسغەر جەهانگیری دەڵێت، ئەوانەی لە کاتی هێرشەکەدا هەڵدێن، ژمارەیان 75 کەس بووە، بەڵام دواتر 48 کەسیان بۆ گرتووخانەکە گەڕێندراونەتەوە، کە بەشێکیان خۆیان هاتوون و بەشێکی دیکەشیان دەستگیر کراون.
 
بە گوتەی جەهانگیری، هێشتا 27 کەس لەوانەی رایانکردووە، نەگەڕاونەتەوە گرتووخانەکە و هەوڵدەدرێت دەستگیر بکرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە گرتووخانە.
 
جەختیشی کردەوە، لە نێو ئەو کەسانە دا هیچ سیخوڕ یان گیراوێکی ئەمنی نییە و هەموویان تاوانباری ئاسایین.
 
کۆتایی مانگی حوزەیران، بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاماری کوژراوانی هێرشکردنە سەر گرتووخانەی ئێڤینیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "لە رووداوی هێرشکردنە سەر گرتووخانەی ئێڤیندا، 80 کەس لە زیندانییەکان و کەسوکاریان، کارمەندانی زیندان و دانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک گرتووخانەکە کوژراون و ژمارەیەک کەسی دیکەش بریندار بوون."
 
بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە، ئیسرائیل لەو کاتەدا هێرشی کردووەتە سەر گرتووخانەی ئێڤین کە کەسوکاری زیندانییەکان بۆ سەردانیان چووبوونە گرتووخانەکە.
 
هێرشە ئاسمانییەکە رۆژی دووشەممە، 23ی حوزەیران کرایە سەر گرتووخانەکە. بەپێی میدیای ئێران، بەشەکانی پاسەوانی، کارگێڕی و دادوەریی گرتووخانەکە کرانە ئامانج.
 
لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
 
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی جەنگە دوازدە رۆژییەکەدا، زیاتر لە 30 فەرماندەی سەربازی و 11 زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون، هەشت دامەزراوەی ئەتۆمی و زیاتر لە 720 پێگەی سەربازییش بۆردوومان کراون.
 
ئێران زیاتر لە 550 مووشەکی بالیستیی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە زۆربەیان بەرپەرچ درانەوە، بەڵام هەندێکیان ئامانجەکانیان پێکا و بوونە هۆی کوژرانی 28 کەس، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل تەنیا یەکێکیان سەرباز بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.